٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی ئاسایش وبەرگری : پێویستە پەلەبکرێت لەپرکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچە کوردستەنییەکان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا_KDP.info_  ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق گوتی ، ڕووداوەکان پێمان دەڵێن کە داعش هێشتا مەترسیە بەتایبەت بۆ سەر ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ،بۆیە رێککەوتن لەکاتی پێکهێنانی حکومەت کراوە بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە هەیە پربکرێتەوە وپێویستە پەلەبکرێت لە پرکردنەوەی بۆشایی ئەمنی وپێکهێنانی هێزی هاوبەش بۆ ئەو ناوچانە.

ئەندامی لیژنەی ئاسایش وبەرگری لەپەرلەمانی عێراق ، مەریوان قەرەنی ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ، بەداخێکی زۆرەوە بەیانیی ئەمڕۆ هەواڵی شەهیدکردنی هاووڵاتییەکی کوردی سنووری ناحیەی (گوێڕ)مان بە ناوی (غازی قاسم) بیست کە لەگەڵ خزمێکیان لە کاتی ڕاوەماسی لە ئاوەکانی زێی گەورەدا، کەوتبوونە بۆسەی ژمارەیەک تیرۆریستی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی (داعش) ، ئەم ڕووداوە و کۆی جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش پێمان دەڵێن، هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە مەترسییە بۆ سەر خەڵکێکی زۆر، بە تایبەتیش دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکوومەتی فیدراڵی و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە.

مەریوان قەرەنی گوتیشی، لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، وەک بەشێک لە کارنامەکەی، بڕیاربوو بە زوویی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پڕ بکرێنەوە و لیوای هاوبەش دروست بکرێن لە نێوان هەولێر و بەغدا تاوەکو چیتر هاووڵاتیانمان نەبنە قوربانیی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە. بۆیە جەخت لەسەر زەروورەتی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی پێکهێنانی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی دەکەینەوە کە لە پەرلەمانی عێراقیشدا وەک بەشێک لە کارنامەی حکوومەتەکە دەنگی لەسەر درا.

وتیشی، مانەوەی بارودۆخەکە و ئەو بۆشاییە ئەمنییانە وەک ئەوەی ئێستا هەیە، لە داهاتوودا دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونی داعش، چونکە هەم پانتاییەکی هەیە جموجۆڵی تێدا بکات، هەم شوێنی حەسانەوەی چەکدارانی و ئامادەکاری و مەشق و ڕاهێنانیشی بەدەستەوە دەبێت، بۆیە گرنگە هیچ لایەک مەترسیی داعش بە کەم نەبینن و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەردەوام بێت.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار