٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بازرگانی بۆ KDP: سایلۆکان بۆ وه‌رگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ ئامادەکاریی تەواو بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کراوە، کە بە هەمان میکانیزمی ساڵی ڕابردوو دەبێت. دەشڵێ، شاندێکی حکوومەتی عێراق هاتبوونە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دوو شوێنی دیکە بۆ وەرگرتنی گەنم زیاد بکرێن.

وەزیری بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە مانگی شەشدا دەست بە دروێنە دەکرێت و سەرجەم سایلۆکانی ئێمەش ئامادەن بۆ ئەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن بە هەمان میكانیزمی ساڵی ڕابردوو، هەر بۆیە شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراقیش سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئێمە سەردانی بەغدامان کردبوو و داوامان کرد ئەوانیش سەردانی هەرێم بکەن، بۆ ئەوەی دوو شوێنی دیکە بۆ وەرگرتنی گەنم بکرێنەوە، تا فشار لەسەر سایلۆکان کەم ببێتەوە و جووتیاران بە ئاسانی گەنم رادەست بکەن، کە ئەوانیش لە کۆیە و هەریرن، ئەوەی کۆیە شوێنەکەی باش بوو، بەڵام ئەوەی هەریر وەکو پێویست نەبوو، چونکە شوێنی پێشووی نەماوە، بۆیە ئەوەی هەریر بە دڵیان نەبوو و ئەوەی کۆیە دەمێنێت ئەگەر پێداویستیی بۆ دابین بکرێت، لەوێ گەنم لە جووتیارانی سنوورەکە وەردەگیرێت".

کەمال موسلیم گوتیشی: "ئەمساڵ بە هۆی بارینی بارانی باش بەرهەمی گەنمیش زۆر باشتر دەبێت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئێمەش تەواو خۆمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی هەرکات دەست بە دروێنە کرا، گەنمی جووتیاران وەربگرین".

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار