بەڕێوەبەری ناحیە زانیاری نوێ له بارهی ڕووداوهكهی گوێڕ بۆ KDP ئاشكرا دهكات

گوێڕ-KDP.info- ئێوارەی دوێنێ دوو ھاووڵاتیی ناحیەی گوێڕ لەلایەن داعشەوە دەستگیر کران و دواتر یەکێکیان شەهید کرد، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕیش دەڵێ، رەوشی ئەمنیی گوێڕ ئارامە و لێکۆڵینەوە لە کردەوەکەی داعش دەستی پێکردووە.
مەسعوود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ دوو ھاووڵاتیی شارەدێی گوێڕ چوونەتە سەر زێی گەورە بە مەبەستی راوەماسی، بە گوتەی کەسوکاریان تەلەفۆنیان داخراوە و دواتر بەدواداچوونیان کردوە و چوونەتە شوێنی رووداوەکە، یەکێک لەو ھاووڵاتیانە دەستی بەستراوە و ھەر لەوێ بەجێیان ھێشتووە و ئەوی دیکەشیان کوژراوە، ئەوان دەڵێن چەکداری داعش بوون".
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ دەشڵێت: "لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی ھاووڵاتییەکە دەستی پێکردووە، بۆ ئەوەی بگەیەنە ئەنجام کە ئایا ئەمانە چەکداری داعش بوونە یاخود نا، چونکە دوای ساڵی ٢٠١٧ ئەمە یەکەم حاڵەتە داعش لەو سنوورە تۆماری دەکات".
مەسعوود نووری گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان لە ناحیەی گوێڕ لە ئەرکدان و رەوشی ئەمنیی گوێڕ لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، واتە ئەمە یەکەم حاڵەتە روو دەدات و داعش لە سنووری ناحیەی گوێڕ نەماوە، ھاووڵاتیانی شارەدێی گوێڕیش دڵنیا دەکەینەوە، رەوشی گوێڕ ئارامە و لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە".
قائید میرۆ




