حەفتەی داھاتوو دەنگدەرانی تورکیا لە ھەولێر بەشداری لە دەنگدان دەکەن

هەولێر -KDP.info- بڕیارە کۆتاییی حەفتەی داھاتوو دەنگدەرانی تورکیا، ئەوانەی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن لە شاری ھەولێر بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی وڵاتەکەیاندا بکەن و بەرپرسێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش ئاشکرای کرد، ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر بۆ دەنگدانی ھاووڵاتیانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان.
د. عەبدولسەلام ستوونی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی ھەرێم و تورکیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی5 هه تا 7 ی مانگی داھاتوو بۆ ماوه 3 روژ دەنگدەرانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان بەشداریی پرۆسەی ھەڵبژاردنی وڵاتی خۆیان بکەن و تەنیا یەک بنکەی دەنگدانیش لەنێو کۆنسوڵخانەی تورکیا لە شاری ھەولێر دەکرێتەوە، واتە دەنگدەرانی تورکیا ئەوانەی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن لەو بنکەیە دەنگ دەدەن.''
د. عەبدولسەلام ستوونی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنی گیراوەتە بەر بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی ھاووڵاتیانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و دەزگا پەیوەندارەکان ڕاسپێردراون بۆ پاراستنی ڕەوشی بنکەی دەنگدانی شاری ھەولێر، وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھیوادارین پرۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوە بچێت.''
بڕیارە ڕۆژی ١٤ی مانگی ئایاری داھاتوو خۆڵی ١٣ی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی تورکیا و خۆڵی ٢٨ی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوە بچێت و تێدا بەپێی میدیاکانی تورکیا ٣٦ پارتی سیاسیی ئەو وڵاتە مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی ئایاری داھاتوودا ھەیە.
قائید میرۆ




