د.ھێمن ھەورامی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی چاکسازیی تورکمان دەکات

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی چاکسازیی تورکمان کرد بەبۆنەی یادی ١٨ ساڵەی دامەزراندنیانەوە.
دەقی پەیامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:
بەبۆنەی یادی ١٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتە تێکۆشەرەکەتان، پارتی چاکسازیی تورکمان، جوانترین پیرۆزبایی لە سەرۆک و جێگر و ئەندام و لایەنگرانتان دەکەم و ھیوای بەردەوامیی و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
خەبات و تێکۆشانی پارتەکەتان بەرز دەنرخێنین لە قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان گشت پێکھاتە جیاوازەکانی ھەرێم و داکۆکیکردن لە دەسکەوتەکان. پارتەکەتان یەکێکە لەو پارتانەی خەبات دەکات بۆ فەراھەمکردنی مافەکانی پێکھاتەی تورکمان و سەرجەم پێکھاتەکانی دیکەی کوردستان.
پێکەوەژیانی پێکھاتە ئاینی و نەتەوەیی و سیاسییەکانی کوردستان، بووەتە سیما و ناسنامەی کوردستان و پێویستە ھەموومان بیپارێزین و زیاتر قووڵتری بکەینەوە و ڕێگری لە ھەر ھەوڵێکی نەخوازراو بکەین کە بیەوێت کار لەو پێکەوەژیانە بکات.
تورکمانەکان، پێکھاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن و ھاوبەشی ڕاستەقینەن لە ژیان و ژیاریی وڵات، پێویستە ھەردەم ڕێز لە خەبات و قوربانی و بەشداریی کارایان بگیرێت لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم، ھەر شادبن.
د. ھێمن ھەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان




