وەزارەتی خوێندنی باڵا: ھیچ قوتابییەک بەفەرمی نەچووەتە سوودان
__2023_04_27_h15m38s49__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- ژمارەیەکی بەرچاوی قوتابی و ھاووڵاتیی عێراق لە وڵاتی سوودانن و عێراق دەیەوێت بیانگەڕێنێتەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستانیش ئاشکرای کرد، ھیچ قوتابییەکی ھەرێمی کوردستان بەفەرمی نەچووەتە سوودان تا بیگەڕێنینەوە و دەشڵێ، ئەوانەی لە ناوچەکانی بوومەلەرزە بوون لە تورکیا بە ئۆنلاین درێژە بە خوێندن دەدەن.
د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئاڵۆزییەکانی وڵاتی سوودان، دیارە وڵاتانی جیھان، ھاووڵاتییانی خۆیان ئاگادار کردووەتە بۆ ئەوەی لەو وڵاتە نەمێنن، بەڵام ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ھیچ قوتابییەکمان لە وڵاتی سوودان نییە بۆ گەڕانەوە، چونکە زانکۆکانی سوودان لە لیستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرھێنراون و ھیچ قوتابییەک بەفەرمی بۆ خوێندنی نەچووەتە ئەو وڵاتە.''
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان گوتیشی: "ئەگەر قوتابییەکیش لە ھەرێمی کوردستان بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانی سوودان درێژە بە خوێندن بدات، ئەوە ئێمە ئاگادار و بەرپرس نین.''
دەربارەی قوتابیانی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا د. یاسین ساڵح ڕوونی کردەوە: "لە ڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ٨٠٠ قوتابیی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی تورکیا دەخوێنن، بەڵام دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ئەمساڵ وەزارەت بڕیاری داوە ئەو قوتابیانەی لە ناوچەکانی بوومەلەرزەن، یان نزیکن لەو ناوچانە دەتوانن بە ئۆنلاین درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن بۆ تەواوکردنی ئەو سمستەرە.''
قائید میرۆ




