٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی: رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا جێبەجێکراوە و ھەرێم پابەندە بە رێککەوتنە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ھەر کاتێک لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی ئامادەکرد، خوێندنەوەی سێیەم بۆ بوودجە دەکرێت و دواتر پەسەند دەکرێت، کە ئەوەش لەماوەیەکی نزیکدا دەبێت، ناوبراو جەختیشی کردەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ئەوانیش مانگانە لەکاتی تەرخانکردنی پارە بۆ مووچە پشکی ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکەن.

 

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسایی بوودجە کرا ئێستا دراوەتە لیژنەی دارایی بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بکات و دیراسەی ئەو داواکاریانە بکات کە دراونەتە لیژنەی دارایی، بۆیە کەی ئەوان راپۆرتی خۆیان تەواو کرد ئەوکات خوێندنەوەی سێیەم دەکرێت و دواتر پەسەند دەکرێت".

 

مەریوان قەرەنی گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پشکی ھەرێم رێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە، بۆیە حکوومەتی عێراق رازییە بەو رێککەوتنە، چونکە سەقامگیری عێراق بەشێکی پەیوەستە بەجێبەجێکردنی رێککەوتنی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ئەو کێشانەی ھەیە چارەسەر بکرێت، ئەوەی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبوو جێبەجێ کراوە، بۆیە ئەوانیش پێویستە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن".

 

قەرەنی ڕوونیشیکردەوە: "تاوەکو پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق پەسەند دەکرێت بەپێی رێککەوتن پێویستە ئەو پارەی لە بوودجە بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە ڕەوانە بکرێت، چونکە ئەوەی ڕەوانەی دەکەن بەشێکە لە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجە، بۆیە مانگانە ھەرکاتێک پارە بۆ مووچە دابینکرا پشکی ھەرێمی کوردستانیش ڕەوانەکراوە، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کردووە پابەندە بەو رێککەوتنە و حکوومەتی عێراقیش پابەند دەبێت و مانگانە پشکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار