بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ئەم کەسانە رووبەڕووی یاسا دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکیاندا، دەڵێن ھیچ پشکێکی ھەرێم بۆ حەجی ئەمساڵ زیاد نەکراوە، ھاوکات جەختیش لەوە دەکەنەوە، کە ھەر کەس و کۆمپانیایەک لە ژێر ناوی پشکی زیادە یان حەجی بازرگانی، یاخود ھەر ناوێکی دیکە ھەوڵی ئەوە بدات پارە لە ھاووڵاتیان وەربگرێت رووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە.
دەقی ئاگادارییەکە:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان ئاگاداری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە بۆ ئەمساڵ ھیچ پشکێکی زیاتر لەوەی پێشتر بۆ ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە نەھاتووە و داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان بەدوور بگرن لەم جۆرە کارانە تاوەکو پارەیان بە فیرۆ نەچێت.
ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بەردەوام دەبین لە رێکخستنی پرۆسەی حەج و عومرە لە ھەرێمی کوردستان و ھەر کەس و کۆمپانیایەک لە ژێر ناوی پشکی زیادە یاخود حەجی بازرگانی یاخود ھەر ناوێکی دیکە ھەوڵی ئەوە بدات پارە لە ھاووڵاتیان وەربگرێت رووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە.
لێرەوە بە پێویستی دەزانین کە ھەموو ئەو کەسانە ئاگادار بکەینەوە کە ڤیزای گەشتیارییان ھەیە و دەیانەوێ بەم ڤیزەیە حەج ئەنجام بدەن، عەرەبستانی سعوودیە بۆ رێگریکردن لە حەجی بەبێ بەرنامە یاخود حەجی بێ رێگەپێدان چەندین رێککار و سزای راگەیاندووە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بە ڤیزای ساڵانە حەج بکەن، لەکاتی ھاتنە پێشەوەی ھەر کێشە و گرفتێک بۆ ئەو کەسانە لە سعوودیە، ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لێی بەرپرس نین و خۆیان بەرپرسیاریەتی ئەو سزایانە لە ئەستۆ دەگرن، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین ھەوڵی ئەنجامدانی حەج نەدەن بەو جۆرەی کە لە ھەندێک شوێنی نافەرمی بانگەشەی بۆ دەکرێت تاوەکو پارەی بەفیرۆ نەچێت و رووبەڕووی کێشە نەبنەوە.
ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتیانمان لە ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ھەر نوێکارییەک لە پرۆسەی حەجدا ھەبێت بە شێوەیەکی فەرمیی لە رێگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەح و عومرەی ھەرێمی کوردستان و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوی دەکەینەوە تاوەکو ھەموو ھاووڵاتیان لێی ئاگاداربن.
ب - راگەیاندن و ئیرشادی حەج و عومرەی کوردستان
٢٧/٤/٢٠٢٣




