٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھەندێ لایەن دەیانەوێ لە دەشتی نەینەوا کێشە بنێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێ، ھەندێ لایەن دەیانەوێ لە دەشتی نەینەوا کێشە دروست بکەن و دەشڵێ، بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن پۆستی ئیداریی سنوورەکە دابەش دەکرێن و جەماوەری سنوورەکە لەگەڵ پارتین.

شێروان جەمال، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لایەنێک دەیەوێ لە دەشتی نەینەوا کێشە بۆ دەزگا ئیدارییەکانی ئەو سنوورە دروست بکات و دوای خانەنشینبوونی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستە دیاری کراوە و غەزوان شەبەک دەستبەکار بووە، بەڵام لایەنێکی سیاسی ھانی ھەندێ خەڵک دەدات بۆ نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە، تا لە بەرژەوەندیی خۆیان خەڵک لە ئیدارەی دەشتی نەینەوا دیاری بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: ''زۆرینەی جەماوەری ئەو سنوورە لەگەڵ پارتین و لە ھەڵبژاردنی ڕابردووش لە کۆی حەوت کورسیی پەرلەمانی عێراق لە دەشتی نەینەوا پارتی پێنج کۆرسیی بەدەست ھێناوە، ئەوە شتێکی شاراوە نییە و ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابین لەو سنوورە کەس بەسەر خەڵکدا بسەپێندرێت.''

شێروان جەمال ڕوونی کردەوە: "کێشەی ناحیەی باشیک ئەمڕۆ چارەسەر کراوە و کاندیدی پارتی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک دەبێت و خەڵکی ناوچەکەش پشتگیری پارتی و کاندیدی پارتین، ئەوە جاری یەکەمیش نییە ھەندێ لایەن لە دەشتی نەینەوا کێشە دەنێنەوە بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە، بەڵام ئێمە جددیین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن و دەبێت پۆستەکان دابەش بکرێن.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار