پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی (٤٩) یەمین ساڵوەگەڕی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ

ئەمڕۆ یادی کارەساتی دڵتەزێنی شاری قەڵادزێیە، کە سەرلەبەیانی ڕۆژی (٢٤ـی نیسانی ١٩٧٤) فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس بە بۆمبی ناپاڵمی قەدەغەکراو پەلاماری ئەو شارە و زانکۆی سلێمانییان دا، کە لەئەنجامدا بە دەیان قوربانی لێکەوتەوە لە قوتابیان و هاووڵاتییانی سڤیل و ژمارەیەک بریندار.
ئەو پەلاماردانە وەحشیگەرییە لە ئەنجامی سیاسەتی ڕژێمی ئەوسا و تۆڵەسەندنەوە بوو لە دەڤەرێکی وەک پشدەر، لەبەرئەوەی ئەو دەڤەرە مەکۆ و لانەی خۆڕاگری و خەباتی شۆڕشەکانی کوردستان بووە، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، کە قەڵا و سەنگەری بەرگری و تێکۆشان بوو، لەهەمان دەمدا قەڵادزێ پەناگەی مانەوە و خۆڕاگریی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بوو، بۆیە لەبەر ئەو پێگە گرنگەی قەڵادزێ، ئەوکات بە فەرمانی (بارزانیی نەمر) زانکۆی سلێمانی گوازرایەوە شاری قەڵادزێ.
ئەو کارەساتە هەر وەک ڕووداو و کارەساتەکانی تری گەلەکەمان هێندە ئازاربەخش و دڵتەزێن بوو، کە لەلایەن (بارزانیی نەمر) بە ڕۆژی (مەتەمینی گەلی کوردستان) ناوبرا.
هەر لەو یادە پڕسۆیەدا و لە (٢٤ـی٤ـی ١٩٨٢)، خۆپیشاندانێکی بوێرانەی جەماوەریی بەرفراوان لەو شارە سازکرا و لەلایەن دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بەعس دڕندانە بەرپەچ درایەوە و لەئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
ئەو یادە پڕئازارە نیشانەی قارەمانێتی و کۆڵنەدانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانە، هەروەها نیشانەی پێداگریی جەماوەری گەلی کوردستانە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری و بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانمان.
لەو یادەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی قەڵادزێ و تەواوی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشەلەیاد دادەنوێنین.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی (٢٤ـی ٤ـی ١٩٧٤) و ڕاپەڕینەکەی (٢٤ـی٤ـی١٩٨٢) ی شاری قەڵادزێ.
دروود بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی چین و توێژەکانی گەلی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٤ـی٤ـی٢٠٢٣




