٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خنسی: بۆ ئەوەی بودجە تووشی کورتهێنانی زیاتر نەبێت پێویستە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پەلەی لێ بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ئەوەی بودجەی عێراق تووشی کورتهێنانی زیاتر نەبێت، پێویستە حکوومەتی عێراق پەلە بکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە بودجەکە خۆی کورتهێنانی زۆرە و بەو شێوەیە زیاتر دەبێت.

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر بێوار خنسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەکوو سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لێوە کرد زیانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو بۆ حکوومەتی عێراقە، چونکە پێویستە لە بودجەی عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت و لەوەش 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بێت کە دەکاتە زیاتر لە 15%ی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق، ئەمەش کەم بکات زیانی زۆر بە عێراق دەکەوێت لە ڕووی ئابوورییەوە، چونکە کورتهێنانی بودجە 64 ترلیۆن دینارە، ئەمەش وا دەکات کورتهێنانەکە زیاتر بێت و، پەرلەمان هەموو هەوڵێک دەدات کورتهێنان کەم بکاتەوە، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کێشەی زیاتر بۆ عێراق پەیدا نەبێت.''

دکتۆر بێوار خنسی گوتیشی: ''پێویستە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی عێراق لەوە زیاتر تووشی کێشەی ئابووری نەبێت، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بەر عێراق نەکەوێت و ئەو بەرنامەیەی لە نێوان هەولێر و بەغداش هەیە شوێنی خۆی دەگرێت و دۆخەکە سەقامگیر دەبێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار