ئەسکەندەر محەمەد: دوای جەژن جووڵەیەکی بەھێزی بازرگانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
__2023_04_19_h17m47s27__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بە گوتەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، دوای جەژنی ڕەمەزان ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێی جووڵەی بازرگانییەوە و دەڵێت، ڕەوشی ئابووری بەرەو سەقامگیری ھەنگاو دەنێت و پێشبینی دەکات گۆڕانکاریی ئابووری و بازرگانی دێتە ئاراوە.
ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو جووڵەیەکی بازرگانی پەیوەستە بە سەقامگیریی ئابووریی وڵات، تا سەقامگیریی ئابووری زیاتر بێت، ئەوە بێگومان جووڵەی بازرگانی و وەبەرھێنان بەرەو گەشەکردن ھەنگاو دەنێت، ھەموومان چاوەڕێ دەکەین دوای جەژنی ڕەمەزان ڕەوشێکی نوێ بێتە ئاراوە و کەرتی بازرگانی دەست بە جووڵەیەکی بەھێز بکات، لە ڕووی نێودەوڵەتییشەوە ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێزی ھەیە و ژووری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان سەد پرۆتۆکۆلی لەگەڵ ژووری بازرگانیی جیھان ھەیە.''
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی گوتی: "دوای جەژن چەندین شاندی ئابووری و بازرگانیی وڵاتان دێنە ھەرێمی کوردستان، ھیوادارین ئەو وڵاتانە بتوانن شێوازێکی نوێی بازرگانی لەگەڵ ڕەوشی نوێی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن.''
ئەسکەندەر محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەپێی دیدارەکانی ئێمە لەگەڵ بازرگانان و نوێنەری وڵاتان، پێشبینیی گەشەیەکی بەھێزی ئابووری و بازرگانی دەکەین لە داھاتوودا، بەردەوام شاندی بازرگانیی بیانی دێنە ھەرێمی کوردستان و شاندی بازرگانیی ئێمەش دەچنە وڵاتانی جیھان، ئەمساڵ چەندین شاندی بیانی ھاتوون و بەشدار بوون لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی ھەرێمی کوردستان.''
قائید میرۆ




