دلێر محەمەد: لە ڕۆژانی جەژن ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیاری دێنە ھەولێر
__2023_04_19_h17m46s14__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێریش دەڵێ، بۆ پێشوازیی گەشتیاران ئامادەکارییان کردووە.
دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشبینی دەکرێت بۆ ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزان ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیار لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر بکەن، ئێمەش وەک گەشتوگوزار ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژن، بەتایبەتی لە بازگەکان ئاسانکاریی زۆر بۆ ھاتنی گەشتیار دەکرێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر دەشڵێت: "پێشتر سەردانی بەغدامان کردووە و لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی گەشتیاری و گەشتوگوزاری عێراق کارمان کردووە بۆ ھێنانی گەشتیاری ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان.''
دلێر محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دەدات وەک کەرتێکی نانەوتی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم چەندین جار جەختی لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار کردووتەوە، لەبەر ئەوەیش ئێستا گەشتوگوزار یەکێکە لەو کەرتانەی ئێمە وەک حکوومەت گرینگیی پێ دەدەین و بەردەوام بۆ بەرەوپێشبردنی کار دەکەین.''
قائید میرۆ




