دەستەی وەبەرھێنان پلانی ئەمساڵی ئامادە کردووە

هەولێر -KDP.info- دەستەی گشتیی وەبەرھێنان پلانی ئەمساڵی ئامادە کردووە و بڕیارە پرۆژەکانی ئەمساڵ لەلایەن دەستەوە ڕابگەیەندرێن بۆ جێبەجێکردن و، بەرپرسێکی دەستەکەش دەڵێ، پرۆژەکانی ئەمساڵ بەسەر ھەموو ناوچەکاندا دابەش کراون.
د. ھەڤال سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلانی وەبەرھێنان بۆ ئەمساڵ (٢٠٢٣) ئامادە کراوە و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو پرۆژەی وەبەرھێنان ئامادە کراون بۆ ئەوەی بخرێنە بەردەستی وەبەرھێنەران تا داواکاریی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە کە زیاتر لە ٢٠٠ پرۆژە لە زۆربەی کەرتە گرینگەکانی وەبەرھێنان لەخۆ دەگرێت.''
بەرپرسەکەی وەبەرھێنان دەشڵێت: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت زیاتر گرینگی بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بدات، ئەوەیش وەک سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و زیادکردنی داھاتی ناوخۆیە.''
د. ھەڤال سدیق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە نەخشەی وەبەرھێناندا جێگەیان کراوەتەوە و پرۆژەکانی ئەمساڵ بەسەر ھەموو ناوچەکاندا دابەش کراون، واتە ھیچ ناوچەیەک بێبەش نەکراوە لە پرۆژە بەپێی تایبەتمەندیی ھەر ناوچەیەک پرۆژە بۆ شوێنە دوورەدەستەکانیش دەبن.''
قائید میرۆ




