ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید: پلانمان هه‌یه ئه‌مساڵ سه‌روو شەش ملیۆن گه‌شتیار ڕوو بكه‌نه هه‌رێمی كوردستان

هه‌ولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگه‌یاندنی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر پلانێكی هەشت ساڵی له بواری په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كات و ئەوان وه‌ك ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له ماوه‌كانی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ سه‌دان كۆمپانیای گه‌شتوگوزار له به‌غدا و هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و سۆران كۆ بوونەته‌وه بۆ لابردنی گرفت و ئاریشه‌كانی به‌رده‌م هێنانی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ بازگه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانیش له هه‌ماهه‌نگیی ته‌واودان بۆ ئاسانكاریی هاتنه ناوه‌وه‌ی گه‌شتیاران و له بازگه‌كانی كوردستان لیژنه‌یان ده‌بێت.
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید، بەڕێوەبەری ڕاگه‌یاندنی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: "سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كه‌رتی گه‌شتوگوزار، ئه‌م كابینه‌یه جیاواز له كابینه‌كانی پێشوو به شێوه‌یه‌كی زۆر جددی گرنگیی به‌م كه‌رته داوه و له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی پرسی گه‌شتوگوزار خراوه‌ته ئه‌وله‌ویه‌تی كاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، بۆیه ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له‌ژێر ڕۆشناییی سیاسەتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا له ڕووی تیۆرییه‌وه پلانێكی هەشت ساڵه‌ی ئاماده كرد له ڕووی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزاره‌وه، كه دیاره ئه‌م پلانه زاده‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بوو كه له مانگی 6ی ساڵی ڕابردوو له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌شێكی ته‌رخان كرا بۆ كه‌رتی گه‌شتیاری كه له میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، كاك ساسان عه‌ونی، ڕاپۆرتێكی 17 خاڵیی پێشكه‌ش كرد تایبه‌ت به كه‌رتی گه‌شتیاری و خاتوو ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستانیش له ڕووی پاوه‌رپۆینتێكه‌وه زۆر به تێروته‌سه‌لی ته‌واوی ئه‌و به‌ربه‌ست و گرفتانه‌ی خسته ڕوو كه له‌سه‌ر ڕێگای سێكته‌ری گه‌شتیاریی هه‌رێمی كورستان هه‌ن و دوای كۆبوونه‌وه‌كه خۆشبه‌ختانه به ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕاسپارده‌كانی گه‌شتوگوزار په‌سه‌ند كران و دواتر به ئیمزای سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ته‌واوی دامه‌زراوه و فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاسپێردراون كه هه‌ماهه‌نگ و هاوكار و پاڵپشت بن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بۆ سه‌رخستنی پلانه‌كان و پێشخستنی ئه‌م سێكته‌ره و دواجار كردنی ئه‌م سێكته‌ره به یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كانی داهات، كه بێگومان جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه ته‌نها به ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ناكرێت و ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵمان بێنه سه‌ر هێڵ و هاوكاریمان بكه‌ن.''
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه له 2022 ئامانجمان ئه‌وه بوو کە شەش ملیۆن گه‌شتیار بێنینه هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له 2021 ژماره‌ی گه‌شتیارانمان چوار ملیۆن بوو، له 2022 ویستمان دوو ملیۆن گه‌شتیار زیاد بكه‌ین، خۆشبه‌ختانه توانیمان ئامانجه‌كه‌مان بپێكین كه شەش ملیۆن و 39 هه‌زار گه‌شتیار ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كرد و بۆ ئه‌مساڵیش (2023) پلانمان وایه كه زیاتر له شەش ملیۆن گه‌شتیار بێنینه هه‌رێمی كوردستان و پێشمان وایه ده‌توانین ئه‌م ژماره‌یه به‌رزتر بكه‌ینه به به‌راورد به ساڵی ڕابردوو كه ئه‌مه پێشبینی نییه، به‌ڵكوو به پلان جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.''
ناوبراو هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به زنجیره‌ی چالاكییه‌كانی ده‌سته‌ی گشتوگوزار دا و گوتی: "ئێمه له ماوه‌كانی ڕابردوودا چه‌ندین چالاكیمان بەڕێوە بردووە، به تایبه‌تی دیداری ڕاسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا گه‌شتیارییانه‌ی كه گه‌شتیار ده‌هێنن بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆ نموونه له كۆتاییه‌كانی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ له به‌غدا له پێشانگایه‌كی گه‌شتیاریی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شداریمان كرد وه‌ك شاندی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی خاتوو ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، له‌وێدا له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان دانیشتین و سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه باس كران كه ده‌هاتنه ڕێی هێنانی گه‌شتیاران كه ده‌یانهێنانه هه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ریشیان بۆ دۆزرایه‌وه، دواتر هه‌ر له مانگی ٢ له‌گه‌ڵ 150 خاوه‌ن كۆمپانیای ئێرانی له هه‌ولێر كۆ بووینه‌وه و له‌وێش باسی گرفت و ئاسانكارییه‌كانی هێنانی گه‌شتیار بۆ كوردستان كرایه‌وه، هه‌روه‌ها له سلێمانی دیداری نێرگیزمان بەڕێوە برد كه زیاتر له 100 كۆمپانیای هێنانی گه‌شتیار بۆ هه‌رێمی كوردستان له خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراقەوە به‌شدار بوون، هه‌روه‌ها له كۆتایییه‌كانی ساڵی ڕابردووش دیداری پاییزمان له سۆران بەڕێوە برد كه زیاتر له 100 كۆمپانیای گه‌شتیاریی خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌شدار بوون له‌گه‌ڵمان، هه‌ر پارەکە له دهۆك پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی گه‌شتیاریمان بەڕێوە برد كه ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیای عێراقی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی بواری گه‌شتیاری تێیدا به‌شدار بوون، هه‌موو ئه‌مانه وای كردووه كه ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاتر بن.''
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه له بۆنه‌كاندا هه‌ندێ ئاماده‌كاریی تایبه‌تمان هه‌یه، ده‌توانم بڵێم ساڵانه ئاماده‌كارییه‌كان كه چه‌ند ڕێكارێكن ده‌یانگرینه به‌ر، بۆ نموونه هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئاسایشی بازگه‌كان كراوه كه به كه‌مترین ماوه گەشتیاران داخلی ناو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێن و ئێمه چه‌ند لیژنه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بابه‌ته پێك ده‌هێنین كه یه‌كێك له لیژنه‌كان له‌و بازگانه ئاماده ده‌بن، پێمان وایه كه بازگه‌كان خاڵی هاتنه ناوه‌وه‌ی گه‌شتیارن و وه‌كوو ئاوێنه‌ی هه‌رێمی كوردستانن و هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه له بازگه‌كان وێنه‌یه‌كی جوانی هه‌رێمی كوردستان پێشان بده‌ین و وا بكه‌ین كه گه‌شتیاران له كاتی گه‌ڕان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ك هه‌ر خۆیان جارێكی تر بێنه‌وه، به‌ڵكوو هانی كه‌سانی تریش بده‌ن له‌گه‌ڵیان بێن بۆ كوردستان و هه‌ر له بازگه‌كان تیمه‌كانی ئێمه برۆشه‌ر و ڕێنوێنیی تایبه‌ت به بواری گه‌شتیاری بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و لیژنه‌كانمان له ناوه‌وه‌ی شاره‌كان سه‌ردانی بنكه گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی كوالێتییه‌وه دڵنیا ببینه‌وه ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی پێشكه‌ش به گه‌شتیار ده‌كرێن، شیاوی گه‌شتیارن و ڕێگه له‌و بنكه گه‌شتیارییانه ده‌گرین كه له ڕووی نرخه‌وه خواستی قۆستنەوەی گه‌شتیارانیان هەیە.''
سه‌لاح جه‌لال




