٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامانجی وەزارەتی پەروەردە نەهێشتنی دوودەوامی و سێدەوامییە لە هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  گوتی، ئامانجی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەهێشتنی دوودەوامی و سێدەوامییە لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی باشیان ناوە و تا ساڵی داهاتوو لە هیچ قوتابخانەیەک سێدەوامی نامێنێت و ئەو کارەش بەردەوام دەبێت تا لە هەموو قوتابخانەکان یەکدەوامی هەبێت.

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دروستکردنی قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی بەردەوامە و ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە کێشەی کەمیی بینا چارەسەر بکرێت و  قوتابخانەکان باشتر ورێکوپێکتر بن، بۆیە دەمانەوێت ئەو کەموکووڕییانەی هەن چارەسەر بکرێن و ژمارەی قوتابخانەکان لەگەڵ ژمارەی قوتابییان یەک بێت و هەموو پێداویستییەک لەناو پۆلەکان هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی کرداری نراوە وداواش لە ئەنجومەنی وەزیران کراوە، ئەوانیش هاوکارییان کردووین، بەڵام بودجەیەکی زۆری پێویستە.''

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''دەمانەوێت بە قۆناغ وا بکەین کێشەی کەمیی بینا چارەسەر بکرێت و ئێستا ئیش لەسەر ئەوە دەکەین سێدەوامیی قوتابخانەکان نەمێنێت کە تا ساڵی داهاتوو ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت و قوتابخانەی سێدەوامی نامێنێت، دواتر هەوڵ دەدەین قوتابخانەکان دوودەوامیشیان تێدا نەمێنێت، ئەمەش بە قۆناغ دەبێت تا لە هەموو قوتابخانەکان یەک دەوام بکرێت.''

دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: ''کارمان بۆ کردووە و بەردەوامیش قوتابخانەی نوێ دروست دەکرێت، دروستکردنەکەش لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێم و خێرخوازان و ڕێکخراوەکانە.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار