مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی چوارشەمبا سۆر، گەرمترین پیرۆزبایی لە میر و کەسایەتی و شێخانی ئێزدی و ئەنجوومەنی ڕووحانی ئایینی ئێزدی و سەرجەم ئێزدیانی کوردستان و جیھان دەکات.
دهقی پهیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی چوارشەمبا سۆر، سەری ساڵی نوێی خوشک و برایانی کوردی ئێزدی، گەرمترین پیرۆزبایی لە میر و کەسایەتی و شێخانی ئێزدی و ئەنجوومەنی ڕووحانی ئایینی ئێزدی و سەرجەم ئێزدیانی کوردستان و جیھان دەکەین و، ئومێدەوارین ئەم جەژنە بە خۆشی و ئارامی بەسەربەرن و ھەموو ساڵێک بە خێر و خۆشی بگەڕێتەوە.
لەم بۆنەیەدا جەخت دەکەینەوە لەسەر پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی لە نێوان سەرجەم پێکھاتە ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەییەکانی کوردستان و، دڵنیایی دەدەین لە پاراستنی بەھا کولتوورییەکانمان و بەھێزترکردنی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان لەپێناو بەردەوامی ئەو زەمینە پڕشانازییەی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و لێبوردەییەی، کە لە نێو گەلەکەمان و کوردستاندا ھەیە.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە پشتیوانیی خۆمان و سەرۆک بارزانی بۆ خواست و ویستی ڕەوای خوشک و برایانی کوردی ئێزدی دووپات دەکەینەوە و، چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەی شنگال بەتایبەتی و ئەو ناوچە و شوێنانەی دەوروبەری بە گشتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی بۆ دانیشتوانەکەی، بە ئەرکی لە پێشینەی خۆمان دەزانین.
جارێکی دیکە جەژنی چوارشەمبا سۆر، سەری ساڵی نوێی خوشک و برایانی ئێزدی پیرۆز دەکەین و ئومێدی بەختەوەری و شادی بۆ ھەمووان دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٩ـی٤ـی٢٠٢٣




