راپۆرتەكەی روبوسكی و ...؟
نازڵی ئێلیجاك
ئەو راپۆرتەی روبوسكی كە لە لایەن كومسیونی مافی مرۆڤەوە ئامادە كرابوو نەیتوانی هیچ كەسێك رازی بكات یا جێگای رەزامەندی هیچ كەسێك نەبوو. لەم راپورتەدا باسی ئەوە دەكرێت كە رووداوەكە بە هۆی كێشەی قوردینە كردن یا بەرێوەبردن رووی داوە. بەڵام لەم راپۆرتەدا بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بەوە نەكراوە كە زانیارییەكان لە لایەن كێیەوە پێشكەش كران؟ پێشكەشی كێ یا كامە دەزگا كراون؟ ئەم زانیارییانەیان چۆنە هەڵسەنگاند؟ كێ بریاری بۆردمان كردنی دەر كرد؟
بیركارێكی وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە رێكەوتی 28ی شوباتی ساڵی 2012دا راپۆرتێكی ئامادە كردووە. لە نێو ئەم راپۆرتەدا زۆر شتی سەرنج راكێش ئاشكرا كراون و چەندین بەرپرسی بالای سیاسی و سەربازی توركیا بە پێ ئەم راپۆرتە لە كوشتنی ئەو 34 هاووڵاتییەدا دەستیان هەبووە. بەڵام نازانم بۆ چی ئەو راپۆرتە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیراندا بزر كرا و هیچ كەس و لایەنێك باسی لێوە ناكەن.
هەر چەند چەند بەشێكی گچكەی ئەم راپۆرتە لە لایەن چەند رۆژنامەیەكەوە ئاشكرا كران بەڵام ئەم بەشانە نەیانتوانی كە ناوەرۆكی گشتی راپۆرتەكە ئاشكرا بكەن و سەرۆكی پارتی كۆماری گەلی ( جەهەپە) لە دوایین كۆبوونەوەی پارتەكەی خۆیدا چەندین خاڵ لەم راپۆرتەی ئاشكرا كرد بە پێ لێدوانەكانی سەرۆكی جەهەپە لەم راپۆرتەدا نووسراوە : 1- ئەو 34 جوانە كە لە بوردمانەكەدا گیانیان لە دەست داوە هەر هەموویان كاسبكار بوونە و هیچ پەیوەندییەكان بە پەكەكەوە نەبووە و تەنانەت یەك ئەندامی پەكەكەیش لە نێویاندا نەبووە. 2- بنكەی سەربازی هەرە نزیكی شوێنی ئەم رووداوە 5 كیلومێترە دوورە هەر بۆیە هیچ گومانێك لە سەر ئەوە نییە كە مرۆڤ بڵێت ئەم 34 كەسە ویستوویانە هێرش بكەنە سەر ئەم ناوەندە سەربازییە. 3- ئەم گرووپە كە زۆر بە ئارامی و سەرخۆ بەرێوە چووە و دەتوانرا زۆر بە ئاسانی كونترۆڵ بكرێت و هیچ پێویستی بە هێرش ئاسمانی نەدەكرد. 4- فرۆكە بێ فرۆكەوانەكان لە كاتژمێر 5 و 20 خۆلەكی ئێوارە ئەو گرووپەیان تەسبیت كردووە بەڵام لە كاتژمێر 9 و 39 خۆلەكدا یەكەمین بۆمبە ئاراستەی ئەم كاروانە دەكرێت و لە نێوان تەسبیت كردنی گرووپەكە و بۆردمانەكەدا زیاتر لە 4 كاتژمێر كات هەیە. بێجگە لەمە ئەم گرووپە كاتێك كە دەگاتە سەر خاڵی سنوور زیاتر لە 40 خۆلەكێك رادەوەستێت. هەر بۆیە دەتوانرا لەم ماوە زەمەنییەدا زانیاری زیاتر سەبارەت بەم گرووپە بەدەست بخرێت. 5- لە كاتی بۆردمان كردنەكەدا هەڵنەهاتنی گرووپەكە بۆ دەرەوی سنوور، یا خۆ نەشاردنەوە و بڵاو نەبوونەوەی گرووپەكە هەڵوێستێك نییە كە گرووپێكی چەكدار وەكو پەكەكە لە كاتە ساتێكی بەمجۆرەدا پەیڕەوی بكات.
یەكێك لە پارلەمانتارەكانی جەهەپە بە ن وی عیسا گۆك دەڵێت: ئەو زانیارییە بە سوپا و هێزە ئاسمانییەكان گەیشتووە كە لە نێو ئەم گرووپەدا بەرپرسێكی سەربازی پەكەكە بە ناوی باهوز ئەرداڵ هەیە، هەر بۆیە هێزە ئاسماناییەكان دەستیان بە بۆردمان كردن كردووە.
ئایا بە راستی زانیارییەكی وا هەبووە؟ ئەگەر هەبووە ئەم زانیارییە لە لایەن چە كەسێكەوە پێشكەشی سوپا و هێزە ئەمنییەكان كراوە؟
ئیستیخباراتی میللی توركیا ( میت) چەندین جار ئاماژەی بەوە كردووە كە لە رۆژی رووداوەكە و بگرە چەند رۆژ پێشتریش بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە سوپا و هێزە ئاسمانییەكانەوە نەكردووە.
بە پێ راپۆرتی بیركاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا رۆژێك بەر لە روودانی رووداوەكە و رۆژی روودانی رووداوەكە ( 27 و 28ی مانگ زیاتر لە 7 سەرچاوەی جوراوجۆری میت زانیارییان پێشكەشی سوپا و هێزە ئاسمانییەكان كردووە و وتوویانە: بەرپرسی سەربازی پەكەكە باهوز ئەرداڵ بە ناوی راستەقینی فەهمان حوسێن، لە سەر سنووری توركیایەوە دەیەوێ بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاكی سەربازی بكەوێتە نێو خاكی توركیاوە.
لێرەدا دەردەكەوێت كە بە پێ راپۆرتی میت و بە پێ راپۆرتی بیركاری وەزارەتی ناوخۆ، بە پێچەوانەی وتەكانی پارلەمانتاری جەهەپە عیسا گۆك، هیچ جۆرە زانیارییەك سەبارەت بە هاتنی باهوز ئەرداڵ پیشكەشی سوپا نەكراوە.
وا بزانم ئەم جۆرە راپۆرتانە نەتەنیا نایانەوێ راستییەكان ئاشكرا بكەن بەڵكۆ دەیانەوێ وردە وردە ئەم رووداوە بەبێ بایەخ بكەن تا بەمجۆرە خەڵك رووداوەكە لە بیر بباتەوە. بەڵام ئێمەیش بەبێ ئەوەی كە بەڵگەیەكمان لە بەردەستدا بێت ناتوانین بڵێن كە دەوڵەت 34 هاووڵاتی خۆی كۆشت. ئەمە دەبێتە بێ وجدانی. بەڵام ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتیش كە تا ئێستا بە هۆی ئەم رووداوەوە كەسی دەستگیر نەكردووە و لێپرسینەوەی لە گەڵ كەسدا نەكردووە بووەتە هۆكاری ئازار دانی وجدانی خەڵك و هەر بۆیە خەڵك وا بیر دەكاتەوە كە دەوڵەت بۆ خۆی ئەم كارەی كردووە.
سەرچاوە: سەباح




