سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌خوانێك بۆ مامۆستایانى ئایینى ساز ده‌كات

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18/4/2023 ، 27ى ڕه‌مه‌زان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، میواندارى و ئێواره‌خوانێكى بۆ ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانى ئایینى به نوێنه‌رایه‌تیى سه‌رجه‌م مامۆستایانى ئاینیى كوردستان ڕێكخست.
له ئێواره‌خوانه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان مسته‌فا سه‌ید قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان و وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى ئاماده بوون، سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆكى یه‌كێتیى زانایانى ئایینیى كوردستان به ناوى ئاماده‌بووانه‌وه سوپاسى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى بۆ چاره‌سه‌رى ناكۆكییه ناوخۆییه‌كان و یه‌كڕیزى و ئارامیی سیاسى، هیواشى خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ى جه‌نابیان ببێته مایه‌ى خاوكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان و كۆتاییهێنانى یه‌كجارى به ناكۆكییه‌كان.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ستایشى ڕۆڵى مامۆستایانى ئایینى له بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیاریى ئایینیى میانڕه‌و و بڵاوكردنه‌وه‌ى گیانى خێر و چاكه‌خوازى و پاراستنى خه‌ڵكى كوردستان له كاریگه‌ریى بیرى توندڕۆیى، دووپاتى كرده‌وه كه مامۆستایان له شۆڕشه‌کانى ڕزگاریخوازى گه‌لى كوردستاندا هه‌میشه له سه‌نگه‌رى داكۆكیكردن له مافى ڕه‌واى گه‌له‌كه‌یاندا بوون و ئایین و نیشتمانپه‌روه‌رییان بێکه‌وه گرێداوه. به‌ڕێزیان دووپاتى كرده‌وه كه ده‌بێ به گه‌شتبینییه‌وه له چاره‌سه‌ربوونى كێشه ناوخۆیى و پرسه هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕوانین، چونكه بێجگه له پێكهاتن هیچ بژارده‌یه‌كى دیكه له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كاندا نییه و له‌گه‌ڵ به‌غداش له‌سه‌ر ڕێگه‌ى رێككه‌وتن و له‌یه‌كگه‌یشتنین.
به‌ڕێزیان له به‌رده‌وامیى قسه‌كانیدا داواى له مامۆستایان كرد كه سڵاو و ڕێزى بگه‌یه‌نن به یه‌ك به یه‌كى مامۆستایانى ئایینیى كوردستان و هیواى سه‌ركه‌وتن و سه‌لامه‌تى بۆ هه‌موو لایه‌ك خواست و جه‌ژنه پیرۆزه‌ى پێشكه‌ش كردن.
دواى به‌ربانگكردنه‌وه، له كه‌شێكى ئایینی‌دا ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانى ئایینى چه‌ند پارچه شیعر و سرووتى عیرفانییان خوێنده‌وه.




