٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوت دەست پێ دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق گوتی، ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە تەواو بووە و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، یاخود هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەکاتەوە.

دکتۆر سەباح سوبحی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووینەوە و تێیدا دەربارەی کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە نەوت و غازەوە گفتوگۆ کرا. لەوانە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسمان لەوە کرد کە هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چییە، ئەویش باسی لەوە کرد تەنها بابەتی تەکنیکی ماوە، ئەویش لەم دوو ڕۆژە تەواو دەبێت، دوای ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی دەکرێت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و هەندێک گرێبەست ماوە لە نێوان کۆمپانیای سۆمۆ و ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و باسی ئەو تەحەدیاتانەی کرد کە لە بەردەم ڕێککەوتنەکە کراون و ئێستا ڕێکارەکان تەواو بوون.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە: لەم هەفتەیەدا، یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکاتەوە بۆ دەرەوە، چونکە ڕێکارەکان تەواو بوون.

سوبحی دەشڵێ: ''سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە جێگری بەڕێوبەری کۆمپانیای سۆمۆ بۆ کورد دەبێت و چاوەڕێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستە ڕەوانە بکەن.''

 

بڵند ئیبراهیم          

 

هەواڵی پەیوەندیدار