٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەندێ وڵاتی ئەورووپا لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوکاریی زیانلێکەوتوانی بومەلەرزە دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ھاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتوانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و بەشێک لە وڵاتانی بیانی و ئەورووپاییش لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوکاریی زیانلێکەوتوانی بومەلەرزە دەکەن.

حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناردنی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و ھێشتا ئەم حەفتەیەش بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر ھاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوایە، ھەرچەندە گەیاندن و دابەشکردنی ھاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ھەندێک زەحمەتە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ھەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان.''

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی قەیرانەکان گوتی: "ھاوکارییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەردەوام بوون بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی ڕۆژی ٦ی شوباتی ڕابردووی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ھاوکارییەکانی ئێستا دەنێردرێن زیاتر خۆراک و کەلوپەل و پێداویستیی ماڵە بۆ زیانلێکەوتووان.''

حوسێن کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەشێک لە ڕێکخراوە بیانییەکان و وڵاتانی ئەورووپایی لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوکاریی زیانلێکەوتووانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئەوەیش بەھۆی زەحمەتی گەیاندنی ھاوکارییەکان و ھەرێمی کوردستانیش ھاوکار بووە بۆ گەیاندنی ئەو ھاوکارییانە، چ ئەوانەی ناوخۆ، یان ئەوانەی بیانی.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار