بڕیارە دوای جەژن بودجه پەسەند بکرێت

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق کرد و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، ھیچ ئاستەنگێک بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان دروست نەبووە و پێشتر رێککەوتنی لەسەرکراوە.
د. نەھلە قادر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پەرلەمانی عێراق لەماوەی دوو رۆژدا سێ کۆبوونەوەی پەرلەمانی بەڕێوەبرد بە مەبەستی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق و شەوی رابردوو خوێندنەوەی دووەم کۆتایی ھات و بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان خوێندنەوەی سێیەم بۆ یاسای بودجە بکرێت و پەسەند بکرێت".
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق بۆ سێ ساڵ دەبێت، کۆدەنگی کوتلەکانی پەرلەمانیش ھەیە بۆ ئەوەی دوای جەژن یاسایی بودجە تێپەڕێندرێت و پەسەند بکرێت".
لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان، د. نەھلە قادر ڕوونیکردەوە: "تا ئێستا ھیچ ئاستەنگێک بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان لەنێو یاسایی بوودجەدا دروست نەبووە، چونکە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە لەنێوان ھەردوو حکوومەت و باوەڕیش ناکەین ھیچ ئاستەنگێک بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان ھەبێت و وەک خۆی پەسەند دەکرێت".
قائید میرۆ




