ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک بەرپرسێکی پارێزگاکەی لادا

دهۆک -KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک دەنگ لەسەر لادانی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک درا و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنەکە دەڵێ، بەڕێوەبەرەکە گرفتی ھەبووە و نەیتوانی کێشەکان چارەسەر بکات.
جەمیلە محەمەد، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک بڕیار لەسەر لادانی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک و بەشێک لە سەرۆکبەشەکانی نێو بەڕێوەبەرایەتییەکە درا، بڕیاری لادانی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندارەکان دەکەین.''
لەبارەی ھۆکاری دەرکردنی بڕیارەکەوە جەمیلە محەمەد گوتی: "پێشتر لیژنەیەک لەبارەی کارەکانی گەشتوگوزار پێک ھاتووە و لیژنەکە ماوەی حەوت مانگ دەبێت بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی گەشتوگوزاری دھۆک دەکات و گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بەڕێوەبەری گشتی ھۆکارە بۆ ھەبوونی چەندین کەموکووڕی و ئەمڕۆ خرایە دەنگدان و پێشنیاری لادانی پەسەند کرا.''
قائید میرۆ




