٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دھۆک ١١ لیژنە چاودێریی بازاڕ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، نرخی کاڵا لە سنووری دھۆک گەڕاوەتەوە نرخی بەر لە بەرزبوونەوەی دۆلار و دەشڵێت، لە ڕێگەی ١١ لیژنەوە چاودێریی بازاڕ دەکەین و چەندین کەس بەھۆی گرانفرۆشی و کاڵای ماوەبەسەرچوو سزا دراون.

شەریف فەتاح، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆک لە ڕێگەی ١١ لیژنەوە چاودێریی بازاڕ دەکرێت، بەتایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا تیمەکانی چاودێریی بازرگانی بە شەو و ڕۆژ کار دەکەن بۆ نەھێشتنی سەرپێچییەکان، چ لە ڕووی بەرزکردنەوەی نرخ، یان ھەبوونی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا چەندین شوێن و بازرگان بەھۆی زێدەڕۆیی لە بەرزکردنەوەی نرخ و ھەبوونی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو سزا دراون، زۆرترین سزای سەرپێچیکاران سەبارەت بە ھەبوونی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بووە.''

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی دھۆک دەڵێت: "لە سنووری پارێزگای دھۆک نرخی کاڵاکان گەڕانەوە ئەو نرخەی پێش گرانبوونی دۆلار، زۆربەی کاڵاکان نرخیان لەدەست داوە و پێشبینی دەکەین لەگەڵ دابەزینی دۆلار جارێکی دیکە نرخ ھێشتا بەرەو دابەزین بێت و، ڕێگە بە ھیچ کەسێکیش نادەین دەستکاریی نرخ بکات.''

دەربارەی نرخی گوشت، شەریف فەتاح گوتی: "تەنیا نرخی گوشت ماوەتەوە لە سنووری پارێزگای دھۆک، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان نرخی گوشت لە ھەموو ناوچەکانی دیکە کەمترە و تا ئێستا زۆرترین نرخ کە تۆمار کراوە گەیشتووەتە ١٧ ھەزار دینار، بڕیارە پێش جەژن لەو یەک دوو ڕۆژەدا کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەین و بڕیاری نوێ دەربارەی نرخی گوشت بدرێت، بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی بازرگان و ھاووڵاتی بێت، چونکە ئێمە ئاگادارین نرخی گوشت لە سەرچاوە گرانە و لە تورکیای دراوسێمان نرخی گوشت دوو بەرانبەر بەرز بووەتەوە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار