٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی: ئەم شەو خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە تەواو دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکەین بۆ ئەوەی سەرجەم مافەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجە جێگیر بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەندامان دابەش کراون هەر یەکێک لە لیژنەی خۆی و تایبەتمەندیی خۆی کار بکات، کە ئەم شەو خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە تەواو دەکرێت.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، مەریوان قەرەنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بەردەوامە و یەکێکە لە بودجە هەرە گەورەکانی مێژووی عێراقە کە بۆ سێ ساڵ دانراوە، بۆیە ئەو کارەش کراوە بۆ ئەوەی ئەو پرۆژانەی جێبەجێ دەکرێن بەهۆی دواکەوتنی بودجە دوا نەکەون لە جێبەجێکردن.''

مەریوان قەرەنی گوتیشی: ئێمە وەکوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان باش بۆ بودجە ئامادە کردووە و ئەندامانمان هەر یەکە و لە بواری خۆی کار لەسەر بودجە دەکات، بۆیە خوێندنەوەی دووەم لەسەر بودجە بەردەوامە و لیژنەی دارایی ڕاپۆرتی خۆی خوێندووەتەوە و ئێستا گفتوگۆ دەکرێت و بەردەوام دەبێت تا تەواو دەبێت.''

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ''لە دوێنێوە خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە بەردەوامە و ئەمڕۆ تا شەویش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بکرێت و تەنها بمینێت خوێندنەوەی سێیەم بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار