٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەنعان خەیلانی: گۆڕانکاری لە ئیدارەی ھەولێر دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاشکرای کرد، جگە لە گۆڕینی بەڕێوەبەری پۆلیس، بڕیارە چەند گۆڕانکارییەکی دیکەش لە ئیدارەی خۆجێی ھەولێر بکرێت و بۆ گۆڕینی پلە تایبەتەکان بەپێی یاسا پێویستی بە دەنگی ئەنجوومەنی پارێزگا ھەیە.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گۆڕینی بەرپرسانی پۆلیسی ھەولێر بە ئاگاداریی ئێمە بووە وەک ئەنجوومەنی پارێزگا و بڕیار بوو پێشتر گۆڕانکاری بکرێت، ئەو گۆڕانکارییەش بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتییانە و ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی پشتگیری دەکەین، بڕیارە گۆڕانکاریی دیکەش بکرێن لە سنووری ئیدارەی خۆجێی ھەولێر.''

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "بڕیارە ژمارەیەک بەرپرسی پلە تایبەت وەک بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، بەتایبەتی پێشتر بڕیاری بەقەزابوون دەرچووە و قایمقام دەست بەکار نەبووە لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیە.''

کەنعان خەیلانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "گۆڕینی بەڕێوەبەر بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی پارێزگار و وەزیردایە، لەبەر ئەوەش بۆ گۆڕانکاری پۆلیس نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام بۆ گۆڕینی پلە تایبەتەکان وەک قایمقام و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناحیە پێویستە لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگیان لەسەر بدرێت.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار