گوڵیزار سندی: بڕیاری دادگای پاریس ھۆکار نەبووە بۆ ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا
__2023_04_17_h15m16s45__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس ھۆکار نەبووە بۆ ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا. دەشڵێت، بەو مەرجە نەوت ڕادەستی بەغدا دەکرێت کە شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان لەنێو یاسای بودجەدا مسۆگەر بکرێن.
گوڵیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە شەو و ڕۆژێکدا نەکراوە و بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس ھۆکار نەبووە بۆ ڕێککەوتنەکە، بەڵام بڕیارەکە وای کرد ڕێکارەکانی ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە خێراتر بکرێن، لە کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا زۆر جار تێبینی لەسەر ئەوە کرابوو کە حکوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور پابەند بێت بە ناردنی شایستە دارایییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان پێشتر ئامادەییی ڕادەستکردنی نەوتیان پێشان داوە بەو مەرجەی لەنێو بودجەی عێراقدا شایستەکانی ھەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت: "ڕێککەوتنەکەی ھەولێر و بەغدا لە دەرئەنجامی ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی شایستەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی نەرمینواندن و پێشنیازەکانی سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکاندا دێت.
گوڵیزا سندی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕێککەوتنەکە ڕەنگدانەوەی لەنێو بودجەی گشتیی عێراق دەبێت کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەنگی لەسەر بدرێت و دەبێتە ھۆی چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان ھەردوولا، ھەتا وەک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ئاماژەی پێ کردووە، ڕێککەوتنەکە ڕێگا بۆ ڕێککەوتنی دیکەش خۆش دەکات، پێم وایە ڕێککەوتنەکە سەقامگیریی ئابووری و سیاسیی بەدوادادێت لە نێوان ھەرێم و بەغدا، ئەویش لەسەر بنەمای شەراکەت و دەستوور.''
گوڵیزار سندی گوتیشی: "ڕێککەوتنی ٤ی نیسان لە بەرژەوەندیی ھەردوولایە و ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە کار بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی نەوت بکات و لەگەڵ تورکیا بگاتە ئەنجامێک، کە دەڵێین ڕێککەوتنەکە کورتخایەنە وەک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم گوتی، تا یاسای نەوت و غازی یەکگرتوو پەسەند دەکرێت ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگدانەوەی لەنێو یاساکەدا دەبێت.''
قائید میرۆ




