د. سەعید خودێدا: هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جوانی پێکەوەژیانی پێشانی جیهان داوە

هەولێر -KDP.info- مامۆستای زانکۆ و گرنگیدەر بە پێکهاتەکان، د. سەعید خودێدا دەڵێ، لە مێژووی عێراقدا هەر لە سەرەتایی دروستبوونی دەوڵەت لە ساڵی ١٩٢٠ـەوە تاوەکوو سەردەمی ڕژێمی بەعس بەکۆتا هات لە ساڵی ٢٠٠٣ کەمەئایینی و کەمەنەتەوە و کەمەمەزهەبەکان لەژێر ستەم و زۆردارییەکی زۆردا بوون، بە شیوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ نەکرا، بۆ نموونە، کورد و شیعە و کوردانی فەیلی و تەشویهی مێژووی ئێزدییەکانیش کراوە، زێدەباری ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانەی لە ناوچەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە کران و بەتایبەتیش لە سەردەمی بەعسییەکاندا.
د. سەعید خودێدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو هەڵوێستە یەک لەدوای یەکانی حکوومەتی عێراق بۆ ئەوە بوو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان پشتیوانیی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد نەکەن، ئەگەر بگەڕێینەوە مێژوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە ساڵی ١٩٦١ بە سەرکردایەتیی بارزانیی نەمر، ئێزدی و کریستیان و تورکمان و بەشیک لە عەرەبەکانیش دژی سیستمی سیاسیی ئەو سەردەمە لە شۆڕشدا بەشدار بوون و لە شۆڕشی گوڵانیش هەروا بوو.''ئاماژەیشی دا: لەدوای سەرهەڵدانی ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکوومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کوردستان بووەتە جێگایەکی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش لە عێراقدا بۆ هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان.''
ئەم مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەیش دا: ''هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جوانی حوکمڕانیی دەبارەی پێکهاتەکان پێشانی هەموو جیهانی داوە، لەبەر ئەوەش، ئیستا دەسەڵاتی کریستیانەکان کە ڕۆما و ڤاتیکانە گرنگییەکی گەورە بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەدات و ئەم گرنگیپێدانە لە بۆشایییەوە نەهاتووە، ئەوان سەردانی هەریمی کوردستان دەکەن و سەرکرایەتیی سیاسیی کوردستانیش سەردانی ئەوان دەکات.''
گوتیشی: ''سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڤاتیکان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی هەریمی کوردستانی گەیاندە پاپای ڤاتیکان، چونکە ئەوەی لە توانای هەرێمی کوردستاندا بوو کردوویەتی بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و سیمای جوانی خۆی پێشانی هەموو جیهان داوە، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی بۆ پاپای ڤاتیکان و جێگای بڕیار و جۆرە تەعاتوفێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست دەبێت. ئەوەی هەرێمی کوردستان کردی بۆ پێکهاتەکان شۆڕشێکی مرۆیی بوو، لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کورستاندا پێکهاتەکان جەژن و بۆنەکانیان بە ئازادی دەگێڕن، خەڵکی بیانی لە پێکهاتەکانی دیکەش پشکداری دەکەن و پشتیوانییان دەکەن، ئەمە بۆ وڵاتان زۆر گرنگە، ئەگەر بەراورد بکەی لەگەڵ باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لەوێ پێکهاتەکان بەرەو نەمان دەچن.''
کــــاروان بـــــاعەدری




