٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ ٦٤ ساڵ بەسەر گەڕانەوەی بارزانییەکاندا تێ دەپەڕێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ ٦٤ ساڵ بەسەر گەڕانەوەی بارزانییەکان لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو تێ دەپەڕێت و مامۆستایەکی زانکۆش پێی وایە، گەڕانەوەی بارزانییەکان دەستکەوتی شۆڕشی ١٤ی تەمووزی عێراق بوو کە ئاپۆرای جەماوەری عێراق پێشوازیی لە بارزانییەکان کرد.

د. شوان خۆشناو، پسپۆڕی مێژووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە یەکێتیی سۆڤیەت لە نیسانی ١٩٥٩ بارزانییەکان گەڕانەوە بۆ عێراق، ئەوەیش دوای شۆڕشی ١٤ی تەمووز و ڕێککەوتنی بارزانیی نەمر و عەبدولکەریم قاسم، گەڕانەوەی جەنگاوەرە بارزانییەکان دوای ساڵێک لە گەڕانەوەی بارزانیی نەمر ھات، گەڕانەوەیان دەستکەوتێکی گەورەی شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ بوو.''

ئەو پسپۆرەی مێژوو دەڵێت: ''بارزانییەکان لە ڕێگەی کەشتییەکی گورزیا لە بەسرا دابەزین و ھەر لە بەسراوە تا گەیشتنە بەغدا لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا پێشوازی لە بارزانییەکان کرا، دواتر گەڕانەوە زێدی خۆیان لە بارزان و دابەشی سەر شارەکان بوون، گەڕانەوەی بارزانییەکان ڕووداوێکی مێژوویی بوو، ئەوکات بەپێی پسپۆڕیی خۆیان کە لە سۆڤیەت بەدەستیان ھێنابوو، بارزانییە گەڕاوەکان دامەزرێنران لەلایەن حکوومەتی ئەو کاتی عێراقەوە.''

د. شوان خۆشناو ڕوونیشی کردەوە: ''بەداخەوە سەرەڕای ھەبوونی ڕێککەوتن لەگەڵ کورد و بەڵێنەکان بۆ بارزانیی نەمر عەبدولکەریم قاسم کەوتە ژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە و کەوتە دژایەتیی کورد تا کار گەیشتە ئەوەی لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١دا شۆڕش دەستی پێ کرد.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار