حوسێن کەلاری: زیانلێکەوتووانی لافاو قەرەبوو دەکرێنەوە
__2023_04_15_h19m30s22__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان ئاشکرای کرد، خەریکی ئامادەکارین بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ڕۆژانی ڕابردوو، نووسراویش بۆ ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە.
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لای خۆمانەوە نووسراومان بۆ ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی خەملاندان بۆ زیانەکانی لافاوی ڕۆژانی ڕابردوو بکرێت و دواتر ئێمە ئاگادار بکرێینەوە بۆ ئەوەی بە نووسراوی فەرمی داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکەین بۆ ئەوەی دەست بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو بکرێت.''
حوسێن کەلاری گوتیشی: "ئەوانەی بەھۆی لافاوی ئەمساڵەوە زەرەرمەند بوون، قەرەبوو دەکرێنەوە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ئێستا لە قۆناغی خەملاندنی زیانەکانین تا نەزانین چەند خێزانە و زیانەکانی چین، ئینجا بڕیاری قەرەبووکردنەوەی دەردەکەین بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی قەرەبووکردنەوە.''
قائید میرۆ




