٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڤاتیکان گرینگیی خۆی ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێی وایە سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤاتیکان کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.

ئاشنا بابان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێوەوڵەتییش گرینگیی خۆی ھەیە، لەبەر ئەوەی ڤاتیکان ڕاستە دەوڵەت نییە، بەڵام پێگەیەکی گرینگی ھەیە لەسەر ئاستی جیھان، پێشتریش پاپا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردبوو، ئەمە نیشانەی ھەبوونی پەیوەندیی باشە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڤاتیکان، بەتایبەتی ژمارەیەکی زۆر کریستیان و ھەموو ئایین و ئایینزاکانی دیکە جێگەیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و لە عێراق و لە وڵاتانی ناوچەکەشەوە پێکھاتە و ئایینە جیاوازەکان دێنە ھەرێمی کوردستان بەھۆی پاراستنی مافیان.''

ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت: "کورد بۆ ھەموو نەتەوە و ئایین و پێکھاتەیەک ئاشتیی دەوێت، ھەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام لە ڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕۆڵی دەوڵەت دەبینێت، کاریزمای نێچیرڤان بارزانی خۆی کاریگەریی ھەیە لەسەر پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیھان بەگشتی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کارەکتەرێکی بەھێزە بۆ گێڕانی ڕۆڵی دیپلۆماسی.''

ئاشنا بابان ڕوونی کردەوە: "ئەمڕۆ دەبینین ئایینی جیاواز لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە ھەرێمی کوردستان نموونەیە بۆ پێکەوەژیانی ھەموو ئایین و نەتەوەیەک، لەخۆگرتنی ئەو ھەموو ئایین و نەتەوە جیاوازە لە ڕابردوو و ئێستا کاریگەریی لەسەر ناوبانگی ھەرێمی کوردستان ھەبووە و لە داھاتووشدا دەیبێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار