بە گوژمەی نزیکەی 70 ملیۆن دۆلار پرۆژە لە سێ پارێزگای هەرێم جێبەجێ دەکرێن

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە بانکی نێودەوڵەتی نزیکەی 70 ملیۆن دۆلارمان پێ بدات بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی کە ئێستا خەریکی ڕێکارەکانن بۆ ئەوەی تەواو بکرێت و جێبەجێ بکرێن.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە چوارچێوەی ئەو قەرزەی بانکی نێودەوڵەتی دەیدات بە عێراق، پشکی هەرێمی کوردستانیش دەدرێت، بەپێی ئەو پشکەی لە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، چونکە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە 12،67% و لە قەرزەکەش بە هەمان شێوە دەبێت، بۆیە پشکی هەرێمی کوردستان لەو پارەیەی دەیداتە عێراق نزیکەی 70 ملیۆن دۆلارە.
ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ئەو پارەیەی بانکی نێودەوڵەتی دەیداتە هەرێمی کوردستان چەند پرۆژەیەکی پێ دروست دەکەین لە دهۆک پرۆژەی فراوانکردنی ڕێگای گشتی بۆ سحێلان و ئۆڤەرپاسێک و ئۆڤەرپاسی شێخان دروست دەکرێت کە بەو ڕێگایە لە هەولێر تا دهۆک بێوەستان دەتواندرێت هاتوچۆ بکرێت و لە هەولێر پردی بەستی شرگە لەگەڵ ڕێگایەک و لە سلێمانییش ڕێگای جووتسایدی دووکان بۆ خەلەکان، ئەو پرۆژانە بەو پارەیەی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن.
عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: ''ئێستا دەرخستەی پرۆژەکانمان ئامادە کردووە و خەریکی تەواوکردنی ڕێکارەکانین و ئەوان کۆمەڵێک دیراساتیان هەیە وەکوو ژینگە و کۆمەڵایەتی و سەلامەتی و خەریکین تەواویان بکەین، بۆیە خۆی سێ پرۆژەی سەرەکین، یەکێک لە هەولێر و یەکێک لە دهۆک و یەکێکیش لە سلێمانی.''
بڵند ئیبراهیم




