د. سانع شەریف: پێویستە چین و توێژ و لایەنەکان پەیڕەوی لە ڕێنمایی و یاساکانی حکوومەتی ھەرێم بکەن

سۆران-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆی سۆران لەسەر بنەمای حاکمیەتی نیشتمانی بۆ چەسپاندن و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنمایییەکان دەدوێ و پێی وایە، پراکتیزەکردنی بنەماکانی ئۆتۆریتەی یاسایی لە سەرجەم خاکی ھەرێم گرنگە بۆ بەدامەزراوەییبوونی سیستەمی سیاسی و ئیداریی ھەرێم و، زەروورەتی پابەندیی سەرجەم گرووپ و لایەنەکان بەم بنەما یاسایی و کارگێڕییانەوە، وەک بناغەی ئەرک و دەستەبەربوونی مافی ھەمووان پێناسە دەکات و، پێی وایە ئەمە لە بەرژەوەندیی ھەموواندایە.
دکتۆر سانع شەریف، مامۆستا لە فاکەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردنی زانکۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ دەسەڵاتی دامەزراوەیی بکەین، واتە بە دامەزراوەییکردنی کاروبارەکانی دەوڵەت لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک، بە مانایەکی تر، واتە پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسایی لە چوارچێوەی دامەزراوەکاندا، ئەمە لەلایەن کەسێکەوە دەبێت کە دەسەڵاتی یاساییی دامەزراوەکەی بەدەستە، یاخود دامەزراوەکەی پێ سپێردراوە، ھەروەھا دەسەڵاتی دامەزراوەیی، واتە مافی سەرکردایەتیکردن، یاخود ئیدارەدان لە چوارچێوەی دامەزراوە یاسایییەکاندا بێت، ئەمەش دەبێت لە تەواوی جومگە دامەزراوەکاندا جێبەجێ بکرێت، کە یەکێک لەو لایەنە سەرەکییانەی دەسەڵاتی دامەزراوەیی ھەیە، بریتییە لە حکوومەت و دامودەزگا فەرمییەکانی کە بە ناوی حکوومەتەوە کار دەکەن، کاتێکیش دەسەڵاتی دامەزراوەیی حکوومەت لە ھەر شوێنێکی وڵاتدا ھەبێت، بەو واتایەیە کە کۆمەڵگا بەگشتی دەسەڵاتی ڕەوای حکوومەتی قبووڵ کردووە بۆ بڕیاردان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان".
دکتۆر سانع ھەروەھا گوتیشی: "لە پرۆسەی حوکمڕانیدا حکوومەتەکان دەتوانن بە چەندین شێوە دەسەڵاتی دامەزراوەیی بەکار بھێنن، لەوانە دەتوانن یاسا دروست بکەن و جێبەجێی بکەن، باج کۆ بکەنەوە، خزمەتگوزاری بە شێوەیەکی دامەزراوەیی لەپێناو بەرجەستەکردنی حوکمڕانییەکی باش بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵک پێشکەش بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دوو بنەمای سەرەکی گرنگن، لەوانە شەفافیەت و لێپرسینەوە، واتە لەم چوارچێوەیەدا ئەبێت کار بکات، بۆ نموونە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆک و کۆنگرێس و دادوەرەکان ھەموویان بە دەسەڵاتی دامەزراوەیی حکوومەتەوە کار دەکەن".
د سانع ھەروەھا ڕوونی کردەوە: لەژێر ڕۆشنایی پێویستیی پابەندی بە بڕیار و یاسا پەسەندکراوەکان کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندی و ئیرادەی خەڵک دەکات لە حکوومەتدا، ئەوە ھەر کارێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دامەزراوەیی حکوومەت، مانای پێشێلکردنی حاکمیەتی نیشتمانیی وڵات، واتە حکوومەتە، جا ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا سەیری حوکمڕانییەکی دامەزراوەیی لە ھەرێم بکەین، دەبێت پابەندی ڕێنمایی و یاساکان و دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ھەرێم بین کە خۆی لە بنەماکانی شەفافیەت و لێپرسینەوەدا دەبینێتەوە بە ھەموو چین و گرووپە جیاوازەکانەوە لە تەواوی ھەرێمی کوردستان، بە بوونی ئەم پۆلیسییە، حوکمڕانیەکی باش (Good governance) بەرجەستە دەبێت و ھەرێم بەرەو دەسەڵاتی دامەزراویی ھەنگاو دەنێت کە ئەرکی سەرجەم کەس و گرووپ و لایەنەکانە، پەیڕەویی لێ بکەن.
سەلاح جەلال




