٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. خەلیل غازی: ڕێککەوتن ھەیە بۆ پەسەندکردنی بودجە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ڕێککەوتن بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق ھەیە و کوتلەکان یاسای بودجە تێ دەپەڕێنن. دەشڵێ، شەممە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دوای حەفتەیەک ڕاپۆرتی کۆتایی ئامادە دەکرێت.

د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک لیژنەی دارایی خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتین لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و سەرەتای حەفتەی داھاتوو، واتە ڕۆژی شەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکرێت و گوێ لە بۆچوونی پەرلەمانتاران دەگرین، دواتر لیژنەی دارایی لە ماوەی حەفتەیەکدا پێداچوونەوەی بۆ دەکات و دواسیغەی بودجە ئامادە دەکرێ بۆ خوێندنەوەی کۆتایی.''

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: "ڕێککەوتنێکی گشتی ھەیە لە نێوان کوتلەکانی پەرلەمان بۆ دەربازکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، لەبەر ئەوەیش پێشبینی دەکەین بەبێ ھەبوونی ئاستەنگ دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدرێت و تێ پەڕێت.''

لەبارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێمەوە  د. خەلیل غازی ئاشکرای کرد: ''ئێمە وەک لیژنە ناتوانین داوای ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکەین، چونکە ئەمە ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ئەگەر داوایەکی بەو شێوەیە کرابێت، من ئاگادار نیم.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار