٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. زێدا محەمەد: بارانەکەی ئەم جارە کاریگەریی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وازارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، بارانی ئەمساڵ بەگشتی و ئێستا بەتایبەتی سوودی بۆ کەرتی کشتوکاڵ ھەیە و دەشڵێت، لە ھەرێمی کوردستان ٨٠%ی جووتیاران بۆ بەرھەمی گەنم پشت بە ئاوی باران دەبەستن.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو شەپۆلی بارانەی کە ناوچەکە و ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کاریگەریی زۆری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت، بەتایبەتی سوودی بۆ بەرھەمی گەنمی جووتیاران ھەیە، لەبەر ئەوەی ٨٠%ی جووتیاران بۆ بەرھەمی گەنم پشت بە باران دەبەستن و ھیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ئاو نییە، لەم وەرزەدا بەرھەمی گەنم پێویستی بە ئاوە و ھاتنی بارانی ئەم جارە سوودی زۆری دەبێت بۆ بەرھەمی گەنم.''

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان دەڵێت: "بارانی ئەمساڵ و بەتایبەتی ئەو ماوەیە جگە لە گەنم سوودی بۆ ھەموو بەرھەمەکانی دیکەی کەرتی کشتوکاڵ ھەیە و ساڵی ڕابردوو بەھۆی ئەوەی ھەندێ ناوچە تووشی وشکەساڵی بوون و کەمتر بارانیان تێدا باری، زیانی زۆر بە جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری گەیشت.''

د. زێدا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''چەندی ڕێژەی باران زیاد بێت ئەوەندە کاریگەریی خۆی دەبێت، ئێمە تەنیا ھەر بەرھەمی چاندنمان نییە، لەوەڕگا و پرۆژەکانی ئاژەڵدارییش بەشێکی گرنگن و پێویستیان بە گژوگیا ھەیە، بەپێی دواین زانیاری کە بەردەستی ئێمە کەوتووە، لە کاتژمێر ٩ی بەیانیی دوێنێ تا کاتژمێر ٩ی بەیانیی ئەمڕۆ زۆرترین ڕێژەی باران لە ناحیەی شیلادزێ باریوە کە گەیشتووەتە ٨٥ ملم.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار