شوان کەلاری: خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسان ئەرکی بەغدایە
__2023_04_12_h16m55s33__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە ئەرکی یاساییی حکوومەتی فیدراڵە مووچەی مانگی نیسان بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بکات و دەشڵێت، فکرەیەک ھەیە تا مانگی داھاتوو یاسای بودجە پەسەند دەکرێت و بەغدا مووچەیەک بنێرێت دواتر لە پشکی ھەرێم بیگێڕێتەوە.
شوان کەلاری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕووی یاساییەوە ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە، چونکە عێراق سکاڵای کردووە و نەوت ڕاگیراوە، پێش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس، ھەرێم و بەغدا لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان ڕێک کەوتوون، واتە ڕێککەوتن لەسەر وردەکاریی بودجە کراوە و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش پەسەندی کردووە و دواتر چووەتە ھاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەت.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "بەپێی ڕێککەوتنی سەرەتای ئەم مانگەی نێوان ھەردوو حکوومەت، کۆتاییی بە پرسەکە ھاتووە و نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە ھەناردە دەکرێت و پارەکەی لە ئەژمارێکی بانکی دادەنرێت و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەسەڵاتی بەسەرییەوە ھەیە.''
شوان کەلاری ڕوونی کردەوە: "پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی نیسان، تا ئەو کاتەی پرۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت و ھەرێم پشکی یەک ساڵی خۆی وەردەگرێت، ئێستا بۆ چارەسەرکردنی مووچەی مانگی چوار فکرەیەک ھەیە بەغدا مووچەیەک بنێرێت بۆ ھەرێم و دوای پەسەندکردنی بودجە لە پشکی ھەرێمی کوردستان بیگێرێتەوە، چونکە تەنیا بۆ مووچەی ئەم مانگە ھەرێم پێویستی بە پارەیە بۆ مانگی داھاتوو بودجە پەسەند دەکرێت و پارە دێت.''
قائید میرۆ




