بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ: بەپێی کارنامەی حکوومەت خزمەتی تەواوی پێکهاتەکان دەکەین

خانکێ -KDP.info- بەڕێوەبەری نوێیی ناحیەی خانکێ، لە هەڤپەیڤینێکدا ئاماژەی دا لەسەر ڕاسپاڕدەکانی پارێزگاری دهۆک، د. عەلی تەتەر و بەپێی ئەو کارنامەیی حکوومەت خزمەت بە تەواوی پێکهاتەی ناحیەی خانکێ دەکەین.
زەردەشت شێخ شامۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دوای ئەوەی خانکێ بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کرایە ناحیە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە خەڵکی ناحیەکە بکرێت کە ئەمە گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە پێکهاتەکان و بەتایبەت کوردانی ئێزدی و ناوچەکە بەگشتی بۆ ئەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەنە ئەم سنوورە و لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەوپێشەوە ببردرێت.''
ئاماژەیشی دا: ''هەر لەم کابینەیەدا خزمەتێکی زۆر بە تەواوی ناوچە جیاوازەکان کراوە و لەسەر ئەو کاروانە خەباتە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە ناحیەی خانکێ بکەین و ناحیەبوونێ خانکێ خەڵکی ناوچەکەی دڵخۆش کردووە.''
بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ گوتیشی: ''یەکەم هەنگاو بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی فەرمانگە حکوومییەکان لە خانکێ بکرێنەوە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک هەر لە نێو ناحیەکەدا بکرێت.''
دەشڵێ: ئەم ناوچەیە ناوچەییەکی بە پیت و ستراتیژییە بە حوکمی جوگرافیەکەی دەکەوێتە سەر ڕووباری دیجلە و دەتوانرێت لە هەموو ڕوویەکەوە بووژانەوەی تێدا بکرێت.
خانکێ، ناوچەیەکی زۆرینە ئێزدینشینە و سەر بە قەزای سێمێلە لە پارێزگایی دهۆک، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بە بریاری سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، لە ١٣ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ کرایە ناحیە.
کــاروان بـــاعەدری




