٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوێستان ئەحمەد: داماڵینی چەکی بێمۆڵەت لە قەزای خەبات دەستی پێ کردووە

سەرچاوە: KDP.info

خەبات -KDP.info- دوای شەڕەکەی ڕۆژی ھەینیی ڕابردوو، سێ ڕۆژە ھێزە ئەمنییەکان لە قەزای خەبات ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەتیان دەست پێ کردووە و قایمقامی قەزاکەش دەڵێ، داماڵینی چەکی بێمۆڵەت لە قەزای خەبات دەستی پێ کردووە.

کوێستان ئەحمەد، قایمقامی خەبات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای شەڕەکەی ڕۆژی ھەینیی ڕابردوو، ڕەوشی قەزای خەبات ئاسایی بووەتەوە و ھێزە ئەمنییەکان چەند ڕۆژێکە بازگەیان بۆ پشکنین جێگیر کردووە، دانانی بازگە لە قەزای خەبات پەیوەست نییە تەنیا بە شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەمە بۆ جێبەجێکردنی یاسای داماڵینی چەکی بێمۆڵەتە لە دەست ھاووڵاتییان و پێویستە ھاووڵاتییان پابەند بن بە یاسای داماڵینی چەکی بێمۆڵەت.''

قایمقامی خەبات گوتیشی: "پێشتریش بازگە و خاڵی پشکنین لە قەزای خەبات دانرابوون، ھەروەک شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بۆ داماڵینی چەکی بێمۆڵەت و جێبەجێکردنی یاسا بەسەر ھاووڵاتییاندا.''

کوێستان ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای دەرچوونی یاسای داماڵینی چەک، بازاڕی چەک لە سنووری قەزای خەبات داخراوە و حکوومەت ڕێگە نادات ھیچ بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی چەک بکرێتەوە، مەگەر بە مەرجی نوێ نەبێت، ئەو ھەڵمەتەی ئێستا لە خەبات بەڕێوە دەچێت بەبێ جیاوازی، یاسا لەسەر ھەموو کەسێک جێبەجێ دەکرێت و ھەر کەسێک لە ھەر پلە و پێگەیەکی ھەبێت، چەکی بێمۆڵەتی لێ وەردەگیرێت، بەڵام ئاماری ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە لای پۆلیس و ئاسایشە.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار