هیوا گەیلانی بۆ KDP: راستییەکان بۆ ھەموو لایەک ئاشکران

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر فرۆشتنی نەوت، دەستکەوتێکی گرنگی ئابووری و سیاسیی و دیپلۆماسییە. ھاوکات دەشڵێ، ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە دانپێدانانی فەرمییە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان وەکو مافێکی یاسایی.
ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "رێککەوتنی نێوان حکوومەتی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر فرۆشتنی نەوت، دەستکەوتێکی گرنگی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییە بۆ حکوومەتی کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، چونکە سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە ساڵی ٢٠١٩ لە وتارێکدا لە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی پەیمانی دا پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا رێک بخاتەوە".
ناوبراو بۆچوونی وایە، بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیش بۆ ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان، نەیارانی ناوخۆ و دەرەکی شاگەشکە بوون بەوەی ھەرێمی کوردستان تەسلیم دەبێت و تەنانەت خەونیان بەوەوە بینی قەوارەی ھەرێمی کوردستان کۆتایی پێ دێت، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە، بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی کوردستان ئەو کەیسەی بە دەرفەتێک زانی بۆ چارەسەر و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەبێ ئەوەی ھیچ سازش لەسەر دەستکەوتەکان و سەروەرییەکانی کوردستان بکات.
لەبارەی گرینگیی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، گەیلانی لەسەر ئەو باوەڕەیە، ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە دانپێدانانی فەرمییە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان وەکو مافێکی یاسایی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ یەکەم جارە کورد دەبێتە بەشێک لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق( سۆمۆ).
سەبارەت بە بایەخی رێککەوتنەکە بۆ بووژانەوەی ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵک، ھیوا گەیلانی رایگەیاند، ھەموو ئەمانە سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورەن، کە بێگومان جێگای خۆشحاڵیی جەماوەری کوردستانن، چونکە دەبێتە ھۆی بووژاندنەوە و گەشەی ئابووری و باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک لە کوردستان، راستییەکانیش بۆ ھەموو لایەک ئاشکران و ئێستا خەڵک لەوە ھۆشیارترە بە پڕوپاگەندەی ھەندێ لایەن چەواشە بکرێت، بە درێژایی مێژووش سەلمێنراوە تەسلیمبوون و تەسلیمکردن لە فەرھەنگی پارتی و بارزانیدا نییە.
جوانڕۆ خدر ئاكۆیی




