هیوا گەیلانی: ڕاپەڕین پێگەیەکی گرنگی شۆڕشەکان بووە و کار بۆ خزمەتی زیاتری ئەو دەڤەرە دەکەین

ڕانیە -KDP.info- بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاپەڕین گوتی، دەڤەری ڕاپەڕین بەگشتی پێگەیەکی گرنگی لە شەڕەکان هەبووە و دەروازەی ڕاپەڕینیش ناسراوە، بۆیە ئێمە وەکوو لقی 11ی پارتی هەوڵ دەدەین خزمەتی زیاتری خەڵکی خۆمان بکەین و ببینە پردێک لە نێوان سەرکردایەتی و جەماوەری خۆمان.
بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاپەڕین، هیوا گەیلانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە کادیر و پەروەدەی ڕێبازی بارزانین و ڕێبازی بارزانییش خزمەتکردنی خەڵکە کە وتەیەکی بارزانیی نەمر هەیە دەڵێت، بەپرس ئەوەیە خزمەتکاری خەڵکی خۆی بێت و بە تێڕوانینی ئێمەش، پارتایەتی ئامانج نییە، بەڵکوو ئامارازێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و گەیاندنی میللەتی خۆمان بە کەناری ئارامی، بۆیە لە دیدی ئێمەوە بەرپرسیارەتی واتا خزمەت، بۆیە لە ڕابردوو وامان کردووە و لە داهاتووش ئەوەی نەمانتوانیوە دەیکەین و بەرنامەی ئێمە لە پێشەوەی هەموو شتێک، خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدانە و بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیش بەرنامەیەکی چڕوپڕمان هەبوو بۆ بەسەرکردنەوەی خانەوەدای شەهیدان و دەمانەوێت بە ئەمانەتەوە پردێک بین لە نێوان سەرکردایەتی و خەڵک و جەماوەری خۆمان هەم بۆ گەیاندنی پەیامی سەرۆک و سەرکردایەتیی خۆمان بە خەڵکی خۆمان و داواکاریی خەڵکیش بە سەرکردایەتیی خۆمان.''
هیوا گەیلانی گوتیشی: ''هەوڵ دەدەین بەگشتی خزمەتکاری خەڵکی ئەو دەڤەرە بین، چونکە خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین شۆڕشگێڕن، هەم لە ڕووی مێژوویی و هەم لە ڕووی جوگرافییەوە پێگەیەکی گرنگی لە شۆڕشەکان هەبووە و دەروازەی ڕاپەڕینە، بۆیە هەوڵ دەدەین لەگەڵ حکوومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەرێم لەسەر خەت بین، ئەوەی پێمان بکرێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان بیکەین.''
دەربارەی گۆڕانکاریەکانیش، گەیلانی گوتی: ''لە هەر شوێنێک پێویست بێت گۆڕانکاری دەکرێت، بەڵام ئەوە پێویستی بە دیراسەکردن هەیە، بۆ ئەوەی لەکوێ پێویستی پێی هەبێت و لە خزمەت پارتی و خەڵک بێت لەوێ گۆڕانکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پێگەی جەماوەریی پارتی بەهێزتر بێت.''
بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاپەڕین ڕوونیشی کردەوە: ''پرۆسەی هەڵبژاردن پرۆسەیەکی زۆر گرنگە، بۆیە لە ئێستاوە خۆمان ئامادە دەکەین تاکوو پشت بە خوا و جەماوەری خۆمان دەنگی ئێمە لەو سنوورە زیاد بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




