پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی قیامەوە

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی کریستیان لە کوردستان و عێراق و جیھان دەکات.
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) گەرمترین پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی کریستیان لە کوردستان و عێراق و جیھان دەکەین و، ھیوادارین ئەو جەژنە بە خۆشی و ئارامی بەسەربەرن و ھەموو ساڵێک بە خێر و خۆشی بگەڕێتەوە.
لەم بۆنە ئایینیەدا جەخت لەسەر بەھێزترکردنی گیانی برایەتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان و ناوچەکە دەکەینەوە و، ئومێدەوارین ھەوڵ و ھەنگاوی ھەموو لایەک بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیرتر و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری وڵاتەکەمان بێت و خۆشگوزەرانی و دەستکەوتی زیاتر بۆ گەلەکەمان دابین بکەین.
دووبارە جەژنی (قیامە) لە خوشک و برایانی کریستیان پیرۆز بێ و، ھەر لە ئارامی و ئاسودەییدا بژین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٩ـی نیسانی ٢٠٢٣




