سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، هاریكاریى هاوبه‌ش تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌غدا-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2023/4/8 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له به‌رده‌وامیى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له به‌غدا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵى كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پشتگیریى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و جێه‌جێكردنى كارنامه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها ستایشى هه‌نگاوه‌كانى به‌ڕێز ئه‌لسوودانى و كار و هه‌وڵه‌كانى كرد بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكوومه‌ت و ڕێككه‌وتنى سیاسیى هاوپه‌یمانیى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز ئه‌لسوودانى سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌گرنگیى به‌رده‌وامیى گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتننامه‌ى ده‌سپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و پشتیگیریى لایه‌نه سیاسییه‌كان له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساى بودجه‌ى گشتیى عێراق. هه‌روه‌ها داكۆكییان له به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه.




