٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا ڕەنگدانەوەی ئیجابیی لەسەر زیادبوونی جووڵەی بازاڕ هەبوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- شارەزای ئابووری و بەڕێوەبەری دامەزراوەی مڵتی بزنس بۆ ڕاوێژکاری و ڕاهێنان لە بواری وەبەرهێنان و بازرگانی و خانووبەرە گوتی، ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕەنگدانەوەی ئیجابیی لەسەر زیادبوونی جووڵەی بازاڕ هەبوو لە هەموو بوارەکاندا، بە جۆرێک کە ئێستا خستنەڕوو و داواکاری وەکوو یەکی لێ هاتووە و لە داهاتوودا داواکاریی زۆر زیاتریش دەبێت، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە.

بەڕێوەبەری دامەزراوەی مڵتی بزنس بۆ ڕاوێژکاری و ڕاهێنان لە بواری وەبەرهێنان و بازرگانی و خانووبەرە، عەلی ئیبراهیم حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا خەڵکێک بۆ مەبەستی خۆی لە گرنگی ڕێککەوتنەکە کەم دەکەنەوە و دەزانن چەند گرنگە دانی پێدا نانێن، کە خۆتان دەزانن سەردەمانێک کورد دەیویست دەست بۆ سامانێکی خۆی ببات کە خوای گەورە پێ داوە لە هەرێمی کوردستان، باسی ئەوەیان دەکرد کورد دەیەوێت سوودی لێ وەرگرێت، چۆن دەتوانێ لە پیشەسازیی نەوت و غاز کار بکات، کە دەستی پێ کرد باسیان لەوە دەکرد ناتوانێ بیفرۆشێت و دەریهێنا و بازاڕی بۆ دیتەوە، بۆیە نەوت و غاز بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، هەر بۆیە ئەو گرێبەستە لە ئەنجامی ئەوە هات کە هەرێمی کوردستان شتێکی هەبوو، چونکە گەر شتێکت نەبێت و وەرەقەیەکت بەدەست نەبێت، هیچ لایەنێک ئامادە نیگە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵی دانیشێت، بۆیە کە بەغدا ئەو هەمووە فشاری نێودەوڵەتیی کرد، زانی کورد وەرەقەیەکی گەورەی بەدەستەوەیە، بۆیە وای کرد عێراق بێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشێت و هەرێمی کوردستان بتوانی بەپێی دەستور مافەکانی بەدەست بێنێت.

عەلی ئیبراهیم حەسەن گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنەی کراوە دەبێتە بناغەیەک بۆ یاسای بودجە و نەوت و غاز پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبێتە قۆناغێکی زۆر گەورە و قەرەبووی ئەو هەموو ناخۆشییەی ساڵانی ڕابردوو بۆ هاوڵاتییان دەکاتەوە.''

 

گوتیشی: ''ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگدانەوەی ئیجابیی هەبوو لەسەر بازاڕ و بەتایبەت ئەو ڕەنگدانەوە ئەنجامەکەی دوای ڕەمەزان زیاتر دەست پێ دەکات لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەت کە بودجەش پەسەند بکرێت جووڵەی زیاتر ڕوو لە بازاڕ دەکات و ئێستاش ڕۆژانە بەهۆی ئەو هەواڵە خۆشانەوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز دەبێتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەموو سێکتەرەکانی بازاڕ دەبێت.''

حەسەن ڕوونیشی کردەوە: ''لە پێنج مانگی ڕابردوودا بازاڕ سست بوو، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی هەرێم و بەغدا جووڵە لە بازاڕدا پەیدا بووە و بەردەوامیش زیاد دەکات و تا مانگی شەش دەگاتە لووتکە، چونکە پێشتر خەڵک کەم داوای موڵکی دەکرد بۆ کڕین، هەر ئەمڕۆ بە نموونە سێ کەس داوایان لە من کردووە و جگە لەوەش، ڕۆژ هەبوو حەوت کەس داوای فرۆشتنی دەکرد و چوار کەس داوای کڕینی دەکرد کە بازاڕ بەو شێوەیە بوو، خستنەڕوو زۆر بوو، داواکاری کەم بوو، ئێستا وەکوو یەکی لێ هاتووە و لە داهاتوو داواکاری زیاتریش دەبێت، بۆیە لە بوارەکانی دیکەشدا خەڵک ئەو پارەیەی هەیانە وەبەرهێنانی پێ دەکەن و ئەمڕۆ پەیوەندییان بە منەوە کردووە باس لەوە دەکەن نەخشەڕێگامان پێشان بدە بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی هەمانبووە و ڕامانگرتبوو، بیخەینەوە کار.''

 

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار