٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە ھەموو لایەنەکان بەیەکەوە ھەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە ھەموو لایەنە عێراقییەکان بەیەکەوە ھەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەن و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن، دەشڵێت، چارەسەری عێراقییانە باشترین رێگەیە و عێراقی یەک رەنگ سەرناکەوێت. 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی ٤٢ ساڵە دامەزراندنی رێکخراوی بەدر لە بەغدا گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا رایگەیاند، رێگەی راست ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە ناوخۆدا چارەسەری کێشەکانیان بکەن، چونکە ئەوە متمانەی نێوخۆ زیاتر دەکات. 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتەکەیی و رایگەیاند: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی سوودانی، ھاوکات لەبارەی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی، ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان و دەستخۆشی لە محەممەد شیاع سوودانی و مەسروور بارزانی دەکەم".

سبەی یەکشەممە، ٩ـی نیسان ٢٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت، کاتی ئەوەیە بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو سەرکەوتنانە چۆن بەدیھاتن، لە ٢٠ ساڵی رابردوودا ھەڵبژاردن بووەتە بنەمایەکی گرینگ، نوێنەرایەتیی پێکھاتەکان لە پەرلەمان ھەیە، عێراق بووەتە خاوەنی دەستوورێکی فیدراڵی و ھەمیشەیی، ئەمانە ھەموویان ئاماژەی گۆڕانکارین.

نێچیرڤان بارزانی پێی وایە کە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا ھەڵەش کراوە و پێویستە لایەنەکان بەرپرسیارێتیی ھەڵەکان بگرنە ئەستۆ و ھەوڵی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان بدەن بە چارەسەرێکی عێراقییانە. 

ھەر لە رێوڕەسمەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێکی دا رایگەیاند: "لێرەدا ئامادەبوونی سەرۆک و برای خۆشەویستم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە دەرفەت دەزانم کە ستایشی رۆڵی بکەم لە پای ئەو ھەوڵانەی داویەتی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و رووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئاستەنگییەکان بە گیانێکی بنیادنەرانە و بەرپرسانە".

هەواڵی پەیوەندیدار