عەلی ڕەشید بۆ KDP: کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەخاتە ڕوو

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگاری هەولێر، گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرس دەکرێت، لەوانە پلان و بەرنامەکانیان لە ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا.
د. عەلی ڕەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگاری هەولێر مەسعوود محەمەد، کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ئەو پلان و بەرنامانەی پارساڵ جێبەجێیان کردوون و پلان و بەرنامە و گوژمەی داواکراویش بۆ ئەمساڵ چییە و چەندە، بۆیە دەمانەوێت ئێمەش وەکو ئەنجومەن ئاگادار بین و بۆمان ڕوون بکرێتەوە".
عەلی ڕەشید گوتیشی: "چەند پرسێکی دیکەش لەو کۆبوونەوەیەدا باس دەکرێن، وەکو کێشەی سەگی بێلانە و خۆئامادەکردن بۆ دابینکردنی ئاو بۆ وەرزی هاوین بۆ خەڵکی خۆشەویستی شاری هەولێر، هەروەها کۆمەڵێک پرسی دیکەش ئامادە کراون و لەو کۆبوونەوەیەدا ئاڕاستەی جێگری پارێزگاری هەولێر دەکرێن، ئەویش ئامادەباشیی خۆی دەربڕیوە، بۆ ئەوەی وەڵامی سەرجەم پرسیاری ئەندامانی ئەنجومەن بداتەوە".
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو 10/4/2023 سەعات 10:30 خولەکی پێشنیوەڕۆ، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.
بڵند ئیبراهیم




