٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی بازرگانی: لە ڕێگەی ٤٠ لیژنەوە چاودێریی نرخی کاڵای بازاڕ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکرای کرد، نرخی ھەندێ کاڵا لە بازاڕ بەرز بووەتەوە و دەڵێت، لە ھەرێمی کوردستان ٤٠ لیژنە چاودێریی بازاڕ دەکەن و ھەر کەسێک سەرپێچی بکات، وەک لە گرانفرۆشی، یان فرۆشتنی کاڵای ماوەبەسەرچوو، سزا دەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو گرانییەی ئێستا لە بازاڕ ھەیە پەیوەندیی بە خواستی ھاووڵاتییانەوە ھەیە بۆ کڕین، ھەندێ کاڵا وەک پێویست نییە و خواستی لەسەرە، ئەوەش کاریگەریی ھەیە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ، ھەندێک کاڵاش ھەیە پەیوەندیی بە سەرچاوەی بەرھەمھێنانەوە ھەیە و پەیوەندیی بە بازرگانانی ئێمەوە نییە و ھەر لە سەرچاوەوە نرخیان بەرز بووەتەوە.''

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەشڵێت: "چەندین لیژنە پێک ھاتوون بۆ چاودێریی بازاڕ و لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە ڕێگەی ٤٠ لیژنەوە چاودێریی بازاڕ دەکرێت لە بەرزبوونەوەی نرخ و ھەبوونی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، شەوانیش لیژنەکان دەگەڕێن لە بازاڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ.''

نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە تا ئێستا چەندین شوێن بەھۆی گرانفرۆشییەوە سزا دراون، ھەروەھا دەیان تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو لەنێو براون و دەستیان بەسەردا گیراوە، ھەر شوێنێک درفەت وەرگرێت بۆ گرانفرۆشی غەرامە دەکرێت و شوێنەکەی دادەخرێت و لێپرسینەوە لەگەل دەکرێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار