KDP.info زانیاریی گرنگ له‌سه‌ر چه‌ند هه‌وڵێكی سه‌رۆك بارزانی بڵاو ده‌كاته‌وه

هەولێر-KDP.info- له ده‌ستپێكی به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا سوپاسی سه‌رۆك بارزانیی كرد بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوان بووه هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌نه ڕێككه‌وتن. لەم بارەیەوە، حاكمی پێشووی سه‌ربازیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و یه‌كێك له سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق، ده‌ڵێت: سه‌رۆك بارزانی ده‌زانێت چۆن بڕیار بدات و له كوێدا بڕیار بدات و هه‌ڵبژاردنی بڕیاری سه‌رۆك بارزانی كات و شوێنی خۆی هه‌یه، بۆیه قورسایی سەرۆک بارزانی له عێراق و كوردستان نكۆڵیی لێ ناكرێت. سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش گرنگیی ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی له پرسه‌كاندا ده‌خاته ڕوو.
دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2021ی عێراق. ئه‌م وڵاته تووشی قه‌یرانێكی سیاسی هات، حزبه‌كان پێك نه‌ده‌هاتن بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت پێک بێنن، شیعه‌كان له‌ناو خۆیاندا ناكۆكییان هه‌بوو، كوردیش به په‌رته‌وازه‌یی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراقی پێ یه‌كلا نه‌ده‌كرایه‌وه، دواجار بە هەوڵی سه‌رۆك بارزانی و بە ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئیتاری ته‌نسیقی، توانرا به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی ئیداره‌دانی عێراق دروست بكرێت به ناوی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆك بارزانی ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق، پێشتر ئه‌یاد عه‌لاوی، ئاماژه‌ی به‌وه دابوو كه لایه‌نه‌كانی عێراق داواكارییان پێشكه‌ش به سه‌رۆك بارزانی كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌و چه‌قبه‌ستوویییه ڕزگاریان بێت، دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، محه‌مه‌د شیاع سوودانی، وه‌ك به‌ربژێری ئیتاری ته‌نسیقی بۆ سه‌رۆكوه‌زیران سوێندی یاسایی خوارد و چه‌ند به‌ڵێنێكی دا، له‌وانه، له ماوه‌ی یه‌كساڵ یاسای نه‌وت و گاز له په‌رله‌مان ده‌ربچوێنرێت و گرفته‌كان له‌گه‌ڵ كوردستان نه‌هێڵێت و جیا له‌وه، یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2023 به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌ربچوێنرێت، سوودانی جیاواز له سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی پێشووی عێراق هه‌نگاوی باشی نا بۆ ڕێككه‌وتن و دواجار ڕۆژی 4ی 4 ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و گاز ئه‌نجام درا و به‌پێی ڕێككه‌وتن كوردستان به ئاگاداریی سۆمۆ نه‌وت ده‌فرۆشێت و ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش دروست ده‌كرێت بۆ ئه‌و پرسه و جێگری سه‌رۆكی كۆمپانیای سۆمۆش به كورد ده‌درێت.
له‌باره‌ی گرنگیی ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی له پرسی ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدادا، د. ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: له سه‌ره‌تای كابینه‌ی حكوومه‌تی عێراقه‌وه سه‌رۆك بارزانی ڕۆڵی گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بینی له لێك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كان، دواجار ڕه‌زامه‌ندیی دا له‌سه‌ر كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق كه گرێكوێره‌ی ئه‌و پرسانه‌ی كرده‌وه، هه‌میشه بۆ پرس و ڕاوه‌گرتن، لایه‌نی عێراق سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی‌یان كردووه، له ماوه‌ی ڕابردوو سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش سه‌ردانی سه‌رۆكی كردووه و سه‌رۆك بارزانی به بناغه‌داڕێژ‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه داده‌نرێت كه ئێستا له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه، ئه‌م ڕێككه‌وتنانه به‌ئاسانی و له‌خۆڕا نه‌هاتوونه‌ته به‌رهه‌م، به هه‌وڵ و ماندووبوون و لێکگه‌یشتنی سیاسی بووه، سه‌رۆك بارزانی دیدگای ڕوون بووه بۆ ئه‌و پرسانه داوای له هه‌ولێر و به‌غدا كردووه كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بنه‌ماكانی ده‌ستوور و به‌پێی ده‌ستوور گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، كاتی خۆیشی كه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی بینی، هه‌مان ئه‌و خاڵه‌ی جه‌خت كرده‌وه كه په‌یوه‌ندیی دروست له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بناغه‌ی چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی عێراق ده‌بێت.
ڕاشیگه‌یاند: له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌وڵه‌كان له ماوه‌ی ڕابردوو سه‌رۆك بارزانی له په‌یوه‌ندیدا بووه له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی پرسی نه‌وت و گاز له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت. له‌ولاشه‌وه له‌سه‌ر پرسە نه‌ته‌وه‌یییه‌كان هه‌میشه له‌سه‌ر خه‌ت بووه، به‌تایبه‌تی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه ئاگادار بێت بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌موكورتییه‌ك نه‌بێت كه كاریگه‌ریی خراپ له‌سه‌ر كوردستان بكات، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و لایه‌نی ئیتاری ته‌نسیقی كه ئێستا به‌رپرسیاریه‌تیی ئیداره‌ی حكوومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، گرنگییان به قسه و پێشنیاز و بۆچوونه‌كانی سەرۆک بارزانی داوه و هه‌ماهه‌نگیی باشیش هه‌بووه له كۆی ئه‌و پرسه هه‌ستیارانه‌ی كه له په‌رله‌مان، یان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه ده‌رچوون و سه‌رئه‌نجام به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی جه‌خت كردنه‌وه بوو له گرنگیی ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی له چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه.
ئه‌وەیشی خسته ڕوو: هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی دواجار ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گرنگی ده‌بێت له دروستكردنی ئارامی و ئۆقره‌ییی سیاسی له عێراقدا، زۆر جار له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییشه‌وه ئه‌و داواكارییه ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كراوه كه ڕۆڵی هه‌بێت له چاره‌سه‌ری پرسه‌كان، بۆ محه‌مه‌د شیاع سوودانی ڕووداوێكی مێژوویییە ئه‌گه‌ر به پێشنیازی سه‌رۆك بارزانی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ كوردستان كردبێت، چونكه له ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا گه‌وه‌رترین گرفت له به‌رده‌م سه‌رۆكوه‌زیره‌كانی پێشووی عێراقدا پرسی هه‌ولێر و به‌غدا بووه، ئێستا كه ئه‌م پرسه گه‌یشتووه‌ته‌وه قۆناغی باش بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌ستكه‌وته و ده‌توانێت له مێژوودا بڵێت له سه‌رده‌می من هه‌ولێر و به‌غدا گه‌یشتنه ڕێككه‌وتنی نوێ.
حاكم حه‌مدی گلی، حاكمی پێشووی سه‌ربازیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سیاسه‌تمه‌داری عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌گه‌ر بته‌وێت ئه‌م عێراقه له‌نگه‌ر بگرێت و هه‌ڵسێته‌وه سه‌ر پێی خۆی و دوور له وه‌لائی بۆ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك، دوو كه‌س ده‌توانێت ئه‌وه بكات، یه‌كه‌م كاك مه‌سعود بارزانی، دووه‌م شیعه‌ی نه‌ته‌وەیی له عێراق، غه‌یری ئه‌م دوو فیگه‌ره، ئاسته‌مه پێكهاته‌ی عێراق جێگیر بكرێت، له ڕووی سیاسییه‌وه. كاك مه‌سعود بارزانی بۆ كوردستانیش به هه‌مان شێوه هه‌م هێزی هه‌یه، هه‌م له كات و شوێنی گونجاو بڕیار ده‌دات، به‌بێ كاك مه‌سعود بارزانی، هیچ بڕیارێكی سیاسی له كوردستان نادرێت، ئه‌گه‌ر بشدرێت كاریگه‌ریی تا به‌رده‌رگای ئه‌و حزبانه ده‌بێت كه بڕیاره‌كه ده‌ده‌ن، بارزانی له ستراتیژیه‌تێك كار ده‌كات كه نه‌ته‌وه‌یییه و بۆ كوردستان و بۆ عێراقیش فیدراڵیه‌تی چه‌سپاند، كاتی خۆی كه ڕیفراندۆم كرا ئه‌وه بوو كه گوتمان ئه‌گه‌ر عێراق له‌ده‌ست خه‌ڵكی عێراق نه‌بێت ناچار ده‌بین ڕاپرسی، یان ڕیفراندۆم بكه‌ین، ده‌رهاوێشته‌كان ئاوا بوون، ئیستا به‌هۆی به‌ڕێز بارزانییه‌وه، كورد له ستراتیژیه‌تی ناوچه‌كه تێ گه‌یشتووه و پێگه‌ی هه‌یه و خۆشبه‌ختانه كه‌سانێكی زۆر له‌ناو پارتی و یه‌كێتی له‌م ستراتیژیه‌ته‌ی كاك مه‌سعود بارزانی گه‌یشتوون، به‌ڵام لادان له‌و ستراتیژیه‌تییه به‌هه‌ر هۆكارێك بێت درێژخایه‌ن نابێت.
گوتیشی: به‌داخه‌وه عه‌قڵیه‌تێك له عێراق هه‌بووه، هه‌ندێك شتی نه‌كردووه، دواجار ئه‌م شتانه كۆ بوونه‌ته‌وه و كه‌ڵه‌كه بوون، بۆ نموونه، بابه‌تی فیدراڵیه‌ت و قانوونی نه‌وت و گاز و پرسی مادده‌ی 140 و بودجه پشتگوێ خران، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی باش نه‌بوو، بۆیه هێشتا فیدراڵیه‌ت و پرسه‌كانی دیكه ده‌ڵه‌مه‌ن و نه‌مه‌یون، ناكرێت ئه‌م عێراقه ئاوا به‌م گرفتانه‌وه هه‌ر به‌رده‌وام بێت، بۆیه ئه‌وه‌ی كاك مه‌سعود بارزانی به‌م دواییانه كردوویه‌تی، زۆر گرنگ بوو، ڕاسته ئێستا كاك مه‌سعود بارزانی، لێکگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ ئیتاری ته‌نسیقی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه به مه‌رج كراوه، به‌وه‌ی كه ئیتار ده‌بێت له چوارچێوه‌ی نیشتمانیدا كار بكات.
ئه‌وەیشی خسته ڕوو: كاك مه‌سعود بارزانی ئێستا بڕیاره‌كانی ته‌واو له‌ناو دڵی شه‌قامی كورستان و عێراقدایه، ئاخر ئه‌مه كه‌م نییه له‌م فه‌وزا و ژاوه‌ژاوه‌ی عێراقدا سه‌رۆكێك هه‌بێت ئه‌وه‌نده كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی و ڕه‌نگدانه‌وەیشی له‌ناو خه‌ڵك زیاتر بێت، به‌بێ كاك مه‌سعود هیچ بڕیارێك له عێراق نادرێت.




