ھاووڵاتیان بۆ KDP: پێویستە ھەموومان پشتیوانی سیاسەتی مەسروور بارزانی بین

ھەڵەبجە-KDP.info- بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، دوای ساڵانێکی زۆر ھەولێر و بەغدا رێککەوتنی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتیان واژووکرد، ئەمەش دڵخۆشی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە، ئەوان باس لەوە دەکەن ھەمووکات سەرکردایەتی کوردستان مەبەستی بووە لە چوارچێوەی پاراستنی مافە دەستووریەکان رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات.
پارێزەر شاد ڕزگار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەم رێککەوتنەی نێوان حکوومەتی ھەرێم و ناوەند یاسایی و دەستوورییە، پێمان وایە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئایندەی نەوتی کوردستان کە زیاتر مەلەفی نەوت بە یاسایی کراوە، لێرەوە ئیدی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێن و کڕیاری نەوتەکەمان زیاتر دەست کراوە دەبن لەگەڵ حکوومەتی کوردستان".
شاد ڕزگار دەڵێ: "ئێمە پێمان وایە ئەم رێککەوتنە دەبێتە ھۆی زیاتر بوژانەوەی ئابووری خەڵکی کوردستان و لەبەرژەوەندی ھەرێمە بە پلەی یەک و پێویستە ھەمووان پشتیوانی سیاسەتی ڕاستگۆیانەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسروور بارزانی بین لە رێککەوتنەکان، دڵنیاشین لە مانگەکانی ئایندە دۆخی ئابووری تاک لە کوردستان بەرەو باشتر دەڕوات".
ھاوکات کارمەند بەشارەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەک ھاونیشتیمانیەک ئومێدی تەواوم بەم رێککەوتنە ھەیە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و ناوەند واژووکرا لە نێوان مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، دڵنیاین ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە و ئابووری تاک بەرەو باشی دەڕوات و پڕۆژەکان دەست پێدەکاتەوە و بازاڕ دەبوژێتەوە، ھەمیشەش سەرۆکی حکوومەت و پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزگاری لە قەوارەی کوردستان دەکەن و قەیران و گرفتەکانیان تێپەڕاندووە".
تاڤان بارزان، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی لای خۆیەوە دەڵێ: "ساڵانێکە گەلی کورد چاوەڕوانی وەھا رێککەوتنێکە لە نێوان حکوومەتی عێراق و کوردستان، بەڵام ھەمیشە لایەنە عێراقییەکان نەھاتوونەتە پێشەوە بۆ رێککەوتن، بۆیە ئێمە دڵمان بەم رێککەوتنە خۆشە و بە ھیواین وەک خۆی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، کە لە بەرژەوەندی ھەموو گەلانی عێراقە و بەتایبەتی ئێمەی گەلی کوردە، کە قۆناخێکی نوێ لە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت دەست پێدەکات و بوژانەوەیەکی باشی ئابووری دەبێت بۆ گەلەکەمان، پێویستە پشتیوانی ھەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بین کە ھەمیشە کار لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەکات وەک لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیەکەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆکرد، بەھیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی دەستووری خۆمان ناکەین بۆیە ئێمەش پشتیوانی ھەنگاوەکانی دەبین".
ھەروەھا چۆمان خەسرەوی ڕۆژنامەنووس، لای خۆیەوە دەڵێت: "ئاستەنگەکانی بەردەم کابینەی نۆ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەناردنی شایستە داراییەکان بە پڕۆژەی چاکسازی دەستی پێکرد، پشتی بە ئابووری خۆی بەست و بەردەوامی بە ھەناردەکردنی نەوتدا، لە ئێستاشدا کابینەی نۆ بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی توانی رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکات، لەسەر بنەمای دەستوور، گرنگە بۆ کوردستان بەنرخێکی باشتر نەوتەکەی بفرۆشێت، واتا کابینەی نۆ توانی دواجار سەرۆکوەزیرانی عێراق لەوە تێبگەیەنێت ئەم ناکۆکیانە لەبەرژەوەندی عێراق نیە، ئەم رێککەوتنە سوودی بۆ کوردستان ھەیە و خەڵکیش دڵی بەوە خۆشە مافیان بۆ دەگەڕێتەوە".
عەزیز ڕەسوڵ




