پەرلەمانتارێکی پارتی: بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بەرگریمان لە پێکھاتەکان کرد
__2023_04_05_h15m43s9__ER.jpg)
عێراق-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرایکرد، پلانێک ھەبوو لە کاتی ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە کەرکووک جیا بکرێتەوە، بەڵام فراکسیۆنی پارتی بە فەرمانی سەرۆک بارزانی پێداگریی کرد و نەیھێشت کەرکووک ھیچ حاڵەتێکی تایبەتی پێ بدرێت و جیا بکرێتەوە.
شێروان جەمال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەگشتی لە بەرژەوەندیی گەلی کوردە، لە کاتی ھەموارەکەش تەنیا بەرژەوەندیی پارتیمان لەبەرچاو نەبووە، ئەوەی بۆ کورد گرینگە کردوومانە و لەوەش زیاتر لەسەر فەرمان و ڕێنوێنیی سەرۆک بارزانی بەرگریمان لە مافی پێکھاتەکانیش کرد، لە خانەقین و مەندەلی تا شنگال پارتی ھەموو ناوچەکانی لەبەرچاوە و بۆ بەرژەوەندیی گشتی، دەنگی لەسەر پڕۆژەکەی داوە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: کارکردن بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بۆ ئێمەی کورد گرینگە، لەبەر ئەوەی بەپێی سەرژمێری ئەو کاتە زۆرینەی خەڵکی کەرکووک و ئەو ناوچانەی کوردستانین لە دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم، کوردن.
شێروان جەمال ڕوونی کردەوە: یەکێک لە داواکارییەکانی لایەنەکانی دیکە جیاکردنەوەی کەرکووک بوو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵام فراکسیۆنی پارتی بە فەرمانی سەرۆک بارزانی ئامادە نەبوو کەرکووک جیا بکرێتەوە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەمەیش یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئێمە لەپێناو کوردستانیەتیی کەرکووک.
قائید میرۆ




