شێخ ستار بۆ KDP: خۆمان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە دەکەین.. سەردانەکانمان چڕ کردۆتەوە

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە نوێکردنەوەی پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی و رێکخستنەکانیان لە سنووری دەورووبەری سلێمانی دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش بە شێوەیەکی ورد و سیستەماتیک بەپێی پەیرەو پرۆگرام و راسپاردە و رێنمایی سەرۆک بارزانی و واقعی سنووری لقی ٢١ لەگەڵ سەرجەم بەشەکانی رێکخستنی سنووریان بە شێوەی زنجیرەیی کۆبوونەوەیان کردووە و بەردەوامن و ڕاو سەرنجی کادیر و ئەندامانی حزبیان وەرگرتووە و باس لە سەردان و دروستکردنی پەیوەندیی نوێ لەگەڵ ھاووڵاتیانی دەرەوەی بازنەی رێکخستنەکانی پارتی دەکات.
شێخ ستار عەوەڵانی، بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "بەستنی کۆنگرە بۆ بەخۆداچوونەوەیە لە ڕووی سیاسی و لە ڕووی ئۆرگانییەوە، دوای کۆنگرەش پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی بەرنامە و پەیڕەوی پەسندکراوی کۆنگرە و رێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی کاری لەسەر دەکات و ھەنگاوەکانی یەک بە دوای یەکدا بۆ جێبەجێکردنی دەنێت لە پێناوی بەھێزکردن و پێداچوونەوە بە پەیکەری حزب و بەپێی باروودۆخی سەردەم و سیستەمی کۆمەڵایەتی نوێ ئێمە بەسەرکردنەوە و سەردانەکانمان بۆ نێو رێکخستنەکانی حزب لە ناو ئۆرگان و بنکەکان چڕ کردۆتەوە، ئەمەش بۆ تێگەیشتن لە واقعی رێکخستنەکانمان بۆ ئەوەی بەپێی پەیرەوی ناوخۆی خۆمان شێوەیەکی نوێ و رێکوپێک ھەنگاو بنێین".
شێخ ستار ھەروەھا گوتی: "عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی رێکخستنی سلێمانی – ھەڵەبجە - راپەڕین، ھاوکارە لەگەڵمان لەم پرۆسەیەدا و ورد و بەسەلیقەیە لە کارەکاندا و پێی خۆشە بەشێوەی مەیدانی خۆی لەگەڵ پرۆسەی نوێبوونەوە و سەردان و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە بێت بە شێوەیەکی ورد، دیارە دۆخەکە وا دەخوازێ کە ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناو حزبدا کراوە سنووری سلێمانیش بگرێتەوە و پارتی جدییە لە خۆ نوێکردنەوە لەم سنوورە و لەسەر ئەم ئەساسەش کاک عەلی حسێن وەک بەرپرسی یەکەمی ئەم سنوورە حەز دەکات بە شێوەیەکی راستەوخۆ و مەیدانی ئاشنای سروشتی رێکخستنەکانی سلێمانی پارتی و کاروباری رێکخستنەکان ببێت کە ئەمە پاڵپشتییەکی باشە بۆ ئێمە و دڵنیام ئێمە دەتوانین ھەنگاوی باش بنێین و بەخۆداچوونەوەیەکی باش بکەین لە ڕووی رێکخستن و نوێکردنەوەی ئۆرگانەکان، بۆ ئەم مەبەستە و لەچوارچێوەی پەیڕە و پرۆگرامی پەسەندکراوی کۆنگرە و لەژێر رۆشنایی و راسپاردەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی ئێمە بەردەوام دەبین لە چوونە ناو رێکخستنەکان لە ناوچە و رێکخراو و بنکەکان و تەنانەت دەچینە ناو خەڵکی دەرەوەی رێکخستنەکان و پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ حزبە سیاسیەکانیتر نوێ دەکەینەوە و پرسی یەکڕیزی کورد یەکێک لە کارەسەرەکییەکانی ئێمە".
بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە وەرگرتنی ڕاو بۆچوون و پێویستی ھاووڵاتیان و کاری جدیتر دەکەین لەسەر بەھێزکردنی رێکخستن و پەرەپێدانی بنکەی جەماوەریی حزب و ئەمەش ھاوکاری ستافی لق و سەرجەم ناوچەکانی پێویستە کە دڵنیایین لە دڵسۆزی و بەدەنگەوە ھاتنی ھەڤاڵانی بەرپرسی ناوچەکان و مەکتەبەکانی لقمان، ئێمە کاری زۆر ھەیە بیکەین و بەرنامەی وردمان ھەیە و ئەم زنجیرە سەردانانەی کە ئەنجامیشمان داون تا ئێستا بۆ ناوچەکان و دیداری بنکەکان لەم چوارچێوەیەدا جێ دەگرێ و بە دیقەتەوە لەسەر بنەمای پەیرەو و پڕۆگرام کارەکانمان دەبەینە پێش و خۆمان بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتوو ئامادە دەکەین و ھەست دەکەین خەڵکەکەمان بەپەرۆشە بۆ نوێبوونەوە و سەرخستنی حزب".
سەلاح جەلال




